مەزڵووم عەبدی: لەگەڵ دیمەشق هێزە سەربازییەکانمان تێکەڵ دەکەین
٢٦ كانونی یەکەمی ٢٠٢٥
بڵاویبکەرەوە لە
فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند، لەگەڵ حکومەتی دیمەشق گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش سەبارەت بە تێکەڵکردنی هێزە سەربازییەکان.
مەزڵووم عەبدی لە وتارێکی ڤیدیۆییدا لە کۆبوونەوەی دەستەی راوێژکاریی لیژنەی دانوستاندنکاری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لەگەڵ دیمەشق لە شاری تەبقە، رایگەیاند: "گەیشتووینەتە لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش سەبارەت بە تێکەڵکردنی هێزە سەربازییەکان بەشێوەیەک کە لەگەڵ بەرژەوەندیی گشتیدا بگونجێت."
ئاماژەی بەوەشکرد، پێشکەوتن لە دروستکردنی دیدگەیەکی هاوبەش لەگەڵ دیمەشقدا هەیە سەبارەت بە دەروازەکان، سنوورەکان و سامانە سرووشتییەکانی هەموو سوورییەکان.
