٢٣ كانونی یەکەمی ٢٠٢٥
وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاند، هەناردەی غازی ئێرانبە تەواوەتی ڕاگیرا، ڕێکاری جێگرەوە گیراوەتە بەر بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکە لە وێستگەکانی بەرهەمهێنان تا ئەو کاتەی دووبارە غاز ڕەوانە دەکرێتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 23ـی کانونی یەکەمی 2025، وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاند، ناردنی غازی هاوردەکراو لە ئێرانەوە بە تەواوەتی ڕاگیراوە، بەو هۆیەشەوە تۆڕی کارەبای نیشتیمانی لە نێوان (4000 بۆ 4500 مێگاوات) کارەبای لەدەستداوە، ئەوەش لە ئەنجامی وەستانی هەندێک یەکەی بەرهەمهێنان و کەمکردنەوەی توانای هەندێک یەکەی دیکە لە وێستگەکانی بەرهەمهێنان، کە کاریگەری کردوەتە سەر کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا بە هاوڵاتییان.
ئاماژەی بەوەشکرد، وەزارەت بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی نەوت پەنای بۆ سوتەمەنی جێگرەوەی ناوخۆیی بردووە بۆ دابینکردنی پێداویستی وێستگەکانی کارەبا.
وتیشی، بەرهەمهێنان لەژێر کۆنتڕۆڵدایە و وێستگەکان هێشتا بەردەوامن لە کارکردن سەرەڕای ئەوەی هەندێکیان بەهۆی کەمی غازەوە کاریگەریان لەسەرە.
ئەمەش لەکاتێکدایە، لە كۆتاییەكانی مانگی ڕابردوودا، تاران هەناردەی غازی بۆ بەغدا ڕاگرت و هۆكارەكەشی دەگەڕێننەوە بۆ چاککردنەوە (صیانە) لە بۆرییەکانی گواستنەوەی غاز.
