١٤ كانونی یەکەمی ٢٠٢٥
ئەندامێکی دەستەی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی دەرمانسازانی ئێران ڕایگەیاند، پێشبینی دەکرێت لە سێ مانگی داهاتوودا نزیکەی 800 جۆر دەرمان لە بازاڕدا نەمێنن.
ئەمڕۆ یەکشەممە 14ـی کانونی یەکەمی 2025، بابەک میسباحی ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی دەرمانسازانی ئێران ڕایگەیاند:" بەپێی لێدوانە نوێیەکانی بەرپرسان، یەدەگی دەرمانیی وڵات بە تێکڕا بۆ کەمتر لە دوو مانگ بەش دەکات، سەبارەت بە شیری وشک (شیری منداڵان)ـیش هەمان دۆخ لە ئارادایە و لە سێ مانگی داهاتوودا نزیکەی 800 جۆر دەرمان ڕووبەڕووی کەمبوونەوە دەبنەوە ".
ئاماژەی بەوەشکرد، کاتێک ئابووریی دەرمان لە دۆخێکی گونجاودا نەبێت، نە کەرتی تایبەت و نە کەرتی حکوومی، هیچیان پاڵنەری پێویستیان نابێت بۆ وەبەرهێنانی نوێ، بەرهەمهێنانی شێوازە نوێیەکانی دەرمان یان بەکارهێنانی ئامێر و تەکنەلۆژیای سەردەمییانە، لە ئێستادا بەو ئاڕاستەیەدا ڕۆیشتووین.
