١٣ كانونی یەکەمی ٢٠٢٥
بەرگری شارستانی سلێمانی چەندین رێنمایی تایبەتی بڵاوکردەوە، لەبارەی دۆخی دوای لافاو و هاووڵاتیان ئاگاداردەکاتەوە کە وریای خشۆک و گیانلەبەرە زیانبەخشەکان بن، هاوکات هۆشیاری تەواویان بەرامبەر کارەبا هەبێت.
بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی سلێمانی لە بڵاوکراوەیەکدا دەڵێت، تەواوی هاوڵاتیان، بەتایبەت هاوڵاتیانی زیانلێکەوتووی چەمچەماڵ لەم خاڵانە ئاگاداربن، مەترسییەکانی لافاو تەنها لە کاتی بەرزبوونەوەی ئاوەکەدا نین، بەڵکو دوای کشانەوەی ئاوەکە قۆناغێکی زۆر هەستیار و مەترسیدار دەستپێدەکات.
دەشڵێت، ئەم رێکارانە یەک بە یەک جێبەجێ بکەن:
1- مەترسیی کارەبا (مەرگی شاراوە)
پێش چوونەژوورەوە، دڵنیابەرەوە کە کارەبای سەرەکی کوژاوەتەوە، تەنانەت ئەگەر کارەبا نەبێت، دەست لە هیچ سویچ و پلاکێک مەدەن کە تەڕ بێت. ئامێرە کارەباییەکان (سەلاجە، مجەمیدە، تەلەفزیۆن) کە ئاوی تێچووە، بەهیچ شێوەیەک هەڵمەکەنەوە تاوەکو وشک دەبنەوە، چونکە مەترسی شۆرتی کارەبا هەیە.
2- پشکنینی پێکهاتەی خانوو
سەیری بنمیچ (سەقف) و دیوارەکان بکەن؛ ئەگەر هەر درزێک، یا دابەزینێکتان بەدیکرد، بەهیچ شێوەیەک مەچنە ژوورەوە و دەستبەجێ پەیوەندی بە تیمەکانمانەوە بکەن. ئاوی لافاو بناغەی دیوارەکان لاواز دەکات.
3-ئاگاداری خشۆک و گیانلەبەرە زیانبەخشەکانبن
لافاو هەمیشە مار، دووپشک و مشک لەگەڵ خۆی دەهێنێت یان ناچاریان دەکات بچنە شوێنە وشک و بەرزەکان (وەک ناو دۆڵاب، سەر ڕەفەکان، ناو جێگا و بان). بەبێ ڕووناکی و بەبێ بەکارهێنانی دارێک بۆ پشکنینی ناو کەلوپەلەکان، دەست مەبەن بۆ هیچ شتێک.
4- مەترسیی غاز
ئەگەر بۆنی غازت کرد یان دەنگی دزەکردنی غاز هات، هیچ شتێک دامەگیرسێنە (تەنانەت لایت و مۆبایلیش) و بەپەلە دەرگا و پەنجەرەکان بکەرەوە و شوێنەکە بەجێبهێڵە.
5- تەندروستی و پاککردنەوە
ئاوی لافاو تێکەڵە بە ئاوی زێراب و پیسایی و ماددەی کیمیایی، بەبێ دەستکێش و جزمەی لاستیک دەست بە پاککردنەوە مەکەن، هەر خۆراکێک یان دەبەی ئاو کە بەر ئاوی لافاوەکە کەوتبێت، دەبێت فڕێ بدرێت، تەنانەت ئەگەر لەناو قتووشدا بێت، چونکە هەڵگری بەکتریان، ئەو کەلوپەلانەی (فەرش و دۆشەک) کە تەڕ بوون، ئەگەر بەباشی وشک نەکرێنەوە و تەعقیم نەکرێن، دەبنە هۆی دروستبوونی کەڕوو، بۆ سییەکان مەترسیدارە.
6- شوشە و بزماری ژێر قوڕ
بەپێی پەتی مەڕۆن، زۆرجار ئاوی لافاو شوشەی شکاو، بزمار و ئاسنی تیژی هێناوە و لەژێر قوڕەکەدا شاردراونەتەوە.
باسی لەوەشکردووە: "تکایە بە تەنها کار مەکەن، با کەسێک ئاگای لێتان بێت. بۆ هەر حاڵەتێکی بەپەلە، ئێمە لە خزمەتتانین لە ڕێگەی ژمارە 115 ".
