١١ كانونی یەکەمی ٢٠٢٥
وەزارەتی تەندروستیی ئێران ڕایگەیاند، زیاتر لە 100 کەس بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتا و ئەنفلۆنزا لە وڵاتەکەدا گیانیان لەدەستداوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 11ـی کانونی یەکەمی 2025، حسێن کرمانپور، سەرۆکی ناوەندی پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندنی وەزارەتی تەندروستی ئێران ڕایگەیاند، ئەو ئەنفلەوەنزایەی بڵاوبووەتەوە لە جۆری" H3N2"ـە و لە ناوەڕاستی مانگی ڕابردووەوە سەریهەڵداوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ژمارەی تووشبووان روو لە هەڵکشانە و زۆربەی ئەو کەسانەی بەهۆی ئەم ڤایرۆسەوە گیانیان لەدەستداوە، ئەوانەن کە پێکوتە (ڤاکسین)ـیان وەرنەگرتووە.
وتیشی ڕێژەی تووشبوون بە پەتاکە خێراتر و زۆرترە بەراورد بە جۆرەکانی دیکەی ئەنفلەوەنزا و لەئێستادا بەهۆی بڵاوبوونەوەی خێرای پەتاکە، دەرگای بەشێکی زۆر لە خوێندنگەکان داخراون.
ئەمەش لەکاتێکدایە، لە ڕۆژانی ڕابردوودا، بەهۆی زۆریی ژمارەی سەردانیکەران، فشارێکی زۆر لەسەر نەخۆشخانەکان دروست بووە، چونکە پێشبینی نەدەکرا شەپۆلی تووشبوون تا ئەم ئاستە بەرزبێتەوە، ئەمساڵ ڤاکسینی ئەنفلەوەنزا بەشێوەی دراوی ئازاد هاوردەی ئێران کراوە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی نرخەکەی دوو هێندە و نیو بەرزبێتەوە و بگاتە 917 هەزار تمەن، کە وایکردووە زۆرینەی هاووڵاتییان نەتوانن ڤاکسین وەربگرن.
