"عێراق پێنجەم پیسترین وڵاتی جیهانە"

١١ كانونی یەکەمی ٢٠٢٥

بڵاویبکەرەوە لە

وەزیری ژینگەی عێراق ڕایگەیاند:" بە پێی پۆلێنی جیهانیی، عێراق لە ڕووی ژینگەییەوە پێنجەمین پیسترین وڵاتی جیهانە، پیسبوونەکەش تەنیا ئەوە نییە کە لە ئەنجامی چالاکیی مرۆییەوە سەرچاوەی گرتبێت، بەڵکو گۆڕانی کەشوهەواش کاریگەری هەبووە ".

ئەمڕۆ پێنجشەممە 11ـی کانونی یەکەمی 2025، د. هەڵۆ عەسکەری، وەزیری ژینگەی عێراق ڕایگەیاند:" زۆر بەداخەوە کەشوهەوای عێراق لە کەشێکی ئارام و ئاسوودەوە گۆڕانکارییەکی گەورەی بەسەردا هاتووە، ئەمەیش دیاردەیەکی جیهانییە، بەڵام عێراق یەکێکە لەو دەوڵەتانەی کە گۆڕانکارییەکان بەسەریدا هاتووە ".

ئاماژەی بەوەشکرد، گۆڕانکارییە سەرەکییەکان بریتین لە: بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، کەمبوونەوەی ڕێژەی باران و بەفر، نزمبوونەوەی ئاستی ئاو لە دیجلە و فورات، کەمبوونەوەی ڕێژەی سەوزایی و زیادبوونی بە بیابانبوون.

وتیشی:" ژمارەی دانیشتوانی عێراق کە لە ئێستادا لە 45 ملیۆن زیاترە، ئەمە هەمووی پێویستی بە وزە و هاتووچۆ و چالاکیی جیاواز هەیە و زبڵ و خاشاکێکی زۆریش پەیدا دەکات، ئەمانە هەمووی وای کردووە کە ژینگەی عێراق بە شێوەیەکی گشتیی بگۆڕێت ".