١١ كانونی یەکەمی ٢٠٢٥
بەهۆی پێدانی زانیاریی هەڵەوە لەبارەی تەمەنییەوە لەکاتی گەیشتنی بە نەرویج، بڕیاری دیپۆرتکردنەوە بۆ کوردێک دەرکرا کە 22 ساڵە لەو وڵاتە دەژی.
بەپێی زانیارییەکان، ئاری عومەر محەمەد، هاوڵاتییەکی تەمەن 50 ساڵە و ماوەی 22 ساڵە لە نەرویج دەژی، خێزاندارە و باوکی سێ کچە، بەهۆی پێدانی زانیاری هەڵەوە لەبارەی تەمەنی، بڕیاری رەوانەکردنەوەی بۆ کوردستان لە نەرویج بۆ دەرچووە.
ئاری عومەر لە لێدوانێکدا دەڵێت:'' ئێستا لە مانگی کانوونی یەکەمدا بڕیارەکە دەرچوو، ئاگادارکرامەوە مۆڵەتی مانەوەکەم لێسەندراوەتەوە، ئەگەر تانە لە بڕیارەکە نەدەین، دەبێت لە ماوەی سێ هەفتەدا وڵات بەجێبهێڵم ."
ئەو هاوڵاتییە لە ساڵی 2003ـدا وتبووی، ساڵی 1981 لەدایکبووە، بەڵام دواتر بۆیان دەرکەوتووە کە لەڕاستیدا لە ساڵی 1975 لە دایکبووە.
میدیای نەرویج بڵاویکردووەتەوە، فەرمانگەکە پاساوی هەڵوەشاندنەوەی مانەوەکە و دەرکردنەکە دەهێنێتەوە بۆ ئەوەی کە ئاری ناسنامەی هەڵەی پێداون، لەوانەش ساڵی لەدایکبوون، شوێنی لەدایکبوون و زانیاریەکانی بە هەڵە داوە کاتێک چووەتە نەرویج.
