“دەستلەکاربکێشنەوە چونکە مانەوەتان سووکایەتییە”

١٠ كانونی یەکەمی ٢٠٢٥

بڵاویبکەرەوە لە

گروپی را لە چەمچەماڵ، لەبارەی زیانەکانی لافاو لە ناوچەکە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، بەرپرسانی ئیداری چەمچەماڵ خۆیان هۆكاری شكستی لافاوەکەن و باشترین بژاردە دەستلەكاركێشانەوەیانە.

دەقی راگەیەندراوەکە:

بەداخەوە ئەو قەزایەی لە ئێستادا 15 رۆژ جارێک ئاوی خواردنەوەی پێ دەدرێت بەهۆی لافاوەوە خەڵکەکەی تووشی زیانی گیانی و ماڵی زۆر هاتن و جارێکی تر ئەو راستیە بۆ هەمووان دەرکەوت حکومەت و دەسەڵات تەنیا غاز و داهاتی چەمچەماڵی بەلاوە گرنگە نەک خەڵکەکەی.

هەرچەندە بڕی باران لە چەمچەماڵ هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی هەرێم زۆر بووە بەڵام کارەساتەکەی چەمچەماڵ دەرئەنجامی کەمتەرخەمی و ناکارایی بەرپرسەکانیەتی نەک رووداوی سروشتی.

لە ساڵانی رابردوو بەنداوێکی بچوک بۆ رێگری لە لافاو لە بناری مەقان دروستکراوە، بەڵام بەنداوەکە بچوکە و تەنیا لە کۆڵ کردنەوەی داواکاری خەڵکی چەمچەماڵ بووە و لە گوندەکانی سنورەکە هاوڵاتیان خۆیان دەیان بەنداوی لەوە گەورەتریان دروست کردووە و لە ساڵانی رابردوو چەند شیو و رێڕەوێکی ئاوی زیادەڕۆی کراوەتە سەر و دوو شیو لەبەر پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون رێڕەوەکەیان پڕ کراوەتەوە و رێڕەوی ئاوی تەنیشت رێگای سلێمانی-کەرکوک بە هۆی دوو رێگای پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوونی کۆمپانیایەک و بەنزینخانەیەک بەرتەسک کراوەتەوە و بەهۆیەوە ئاڕاستەی ئاو بۆ گەڕەکی سێگۆشەکە و ناو شار گۆڕدراوە.

هەموو ئەوانە بە بەرچاوی ئیدارەی ناکارای چەمچەماڵەوە کراوە و تەنانەت لەبری لێپرسینەوە خەریکی پۆشینی عەیب و عاری ئەو سەرمایەدار و کەسانەن کە هۆکاری ئەم کارەساتە بوون.

وەکو گروپی را داوا دەکەین بەرپرسانی ئیداری چەمچەماڵ خۆیان هەست بە شکستەکەیان بکەن و چیتر نەبنە بار بەسەر خەڵکی بەشمەینەتی چەمچەماڵەوە.

لە ئێستا بەدواوە مانەوەی هەر بەرپرسێکی ئەم شارە لەسەر کورسیەکەی سوکایەتییە بە خەڵکی چەمچەماڵ و دەستلەکارکێشانەوەیان باشترین بژاردەیە لە ئێستادا.

گروپی را

9-12-2025