١٠ كانونی یەکەمی ٢٠٢٥
هێڵی ئاسمانی تورکیا سەرجەم ئەو گەشتانەی بەرنامەیانی بۆ داڕشتبوو هەڵوەشاندەوە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ئیستانبوڵەوە بۆ فڕۆکەخانەی کەرکووک.
ئەمڕۆ چوارشەممە 10ـی کانوونی یەکەمی 2025، کۆمپانیای 'تورکیش ئێرڵاین' ڕایگەیاند:" هۆکاری سەرەکیی هەڵوەشاندنەوەی گەشتەکان بۆ فڕۆکەخانەی کەرکووک دۆخی ناجێگیری کەشوهەوا، کەم بینین و بای بەهێز لەگەڵ بارانی بەخوڕ بووە "، بڕیاری ڕاگرتنی گەشتەکان لەبەر نیگەرانی و سەلامەتی سەرنشین و تیمی فڕۆکەوانی دراوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، بژاردەی دووبارە حجزکردنەوە بەخۆڕایی یان گەڕاندنەوەی بڕە پارەی بلیتەکان بەبێ لێبڕین دابینکردووە، تا ئەو کاتەی کەشوهەوا باشتر دەبێت و گەشتەکان دەگەڕێنەوە سەر خشتەی ئاسایی خۆیان.
وتیشی، سەرنشینەکان لەڕێگەی کورتەنامە و ئیمەیڵەوە ئاگادار دەکاتەوە.
ئەمەش لەکاتێکدایە، لەماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا شەپۆلێکی بارانی بەخوڕ چەند پارێزگایەکی عێراقی گرتووەتەوە، کە کاریگەریی لەسەر هاتەوچۆی ڕێگاوبان و فڕۆکەخانەکان هەبووە، پێشبینیش دەکرێت بارانبارین بەردەوام بێت.
