پانۆرامای گرژییەکانی پاڵاوگەی لاناز و گوندی لاجان؛ سات بە سات بزانە چی روویدا؟

٢ كانونی یەکەمی ٢٠٢٥

بڵاویبکەرەوە لە

ڕۆژی شەممە .. 29ـی تشرینی دووەمی 2025 .. پاڵاوگەی لاناز نزیک لە گوندی لاجان لە هەولێر، خۆپیشاندان و دروستبوونی گرژی، تەقەکردن و کوژران و برینداربوونی هاوڵاتیان، ئاوارەبوون و دڵەڕاوکێ.

پاڵاوگەی لاناز، یەکێکە لە پاڵاوگە گەورەکانی هەرێمی کوردستان و دەکەوێتە گوندی لاجان لەسەر ڕێگای هەولێر، پاڵاوگەکە خاوەنی 64 کۆگای سوتەمەنیە، لە ساڵی 2022 بە فەرمی کرایەوە، پاڵاوگەکە ماوەیەکی زۆر پێش ئەوکاتە کاری کردبوو، هەروەها توانای پاڵاوتنی 75 هەزار بەرمیلی هەیە لە ڕۆژێکدا بۆ دروستکردنی بەنزین، لەو بڕە 1.7 ملیۆن لیتری بۆ بەرهەمهێنانی بەنزین و قیرە.

ڕۆژی شەممە 29ـی تشرینی دووەمی 2025، وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر نەڕەخساندنی هەلی کار لە پاڵاوگەی لاناز دانیشتوانی گوندی لاجان هەستان بە ئەنجامدانی خۆپیشاندانێکی ناڕەزایەتی بەرامبەر بە پاڵاوگەکە، هەنگاوی دواتری خۆپیشاندەران ڕێگرتن بوو لە بارهەڵگرەکان کە بەرەو پاڵاوگەکە دەڕۆشتن، لە دەرئەنجامی رێگریکردن لە شۆفێری بارهەڵگرەکان گرژی دروستبوو و هێزە ئەمنییەکان کە پاسەوانی پاڵاوگەکە بوون تەقەیان لە خۆپیشاندەران كرد و لە ئەنجامدا گەنجێک شەهیدکرا کە یەکێک بوو لە شۆفێرانی بارهەڵگرەکان.

وەڵامی وەزارەتی ناوخۆ دەربارەی ئەم رووداوە لە راگەیەندراوێکدا بریتیبوو لە: "لە ئەنجامی تەقەی کۆمەڵێک "ئاژاوەگێڕ" لە ناوچەی گوێر کەسێک کوژراوە و کەسانی دیکەش بریندار بوون".

دوا بەدوای ئەم ڕووداو و ئاڵۆزییانە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی كوردستان رایگەیاند:" هەر كەسێك تەقەی كردبێ رێكاری یاسایی بەرامبەر ئەنجام دەدرێت"، سەرەڕای پشتیوانیکردنی دەستەی سەربەخۆیی مافی مرۆڤ لەگردبونەوەکان بەڕێکاری یاسایی و مەدەنی دوور لەتوندوتیژی و دڵنیایی کردنی هاوڵاتیان لە چاودێری کردنی ئەم کەیسە بەڵام گرژی و ئاڵۆزیەکان بەردەوامبوون".

لە گوندی لاجان و پاڵاوگەی لاناز، تا دەهات توندوتیژی زیاتر تەنگی به‌ ناوچەکە هەڵدەچنی، کێشە و گرژیەکان گەورەتر دەبوون و ته‌قه‌ و لێدان له‌ خه‌ڵكی گونده‌كه‌ زیاتر دەبوو، دواتر تەقەكردن لەنێوان ئەو هێزانه ‌و خۆپیشاندەران دروست بوو و‌ شەهید و برینداربوونی هاوڵاتییانی لێكه‌وتەوە، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان له‌بری توندوتیژی ئه‌ركیان پاراستنی هاووڵاتییانه بەڵام بەم شێوەیە هەر بەردەوامبوون و چەندین توندوتیژی و ئاڵۆزی دیکە ڕوویدا.

ڕووداوەکان هەر ئەوەندە نەبوون، شەوی یەکشەممە 30ـی تشرینی دووەم، بە ئامانجی دەستگیرکردنی چەند داواکراوێک، هێزێکی زۆر رەوانەی گوندی لاجان کرا و پشێویەکی زۆری دروستکرد نەک تەنها لەلای خەڵکی گوندەکە بەڵکو لای تەواوی خەڵکی کوردستان.

نیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە 1ـی تشرینی دووەمی 2025، لە بڵندگۆی مزگەوتەکانەوە داوا لە دانیشتوانەکەی کرا کە گوندەکە چۆڵبکەن، خەڵكی لاجان لە هەولێر گوندەكەیان چۆڵ کرد و هەندێک لە دانیشتووانی گوندەكە وتیان "وامان پێ وتراوە چۆڵی بكەین".

دوابەدوای ئاگادارکردنەوەی دانیشتوانی گوندەکە کە چۆڵیبکەن، دانیشتوانی لاجان بە منداڵ و ئافرەت و پیرەوە ئاوارەبوون و بەڕێکەوتن بەرەو شوێنێک کە سەلامەتیان پێ ببەخشێت.

ئاوارەبوون و برسێتی و سەرما بوو بە بەشی دانیشتوانی ئەو گوندەی لە ماڵەکانیان دەرکران و ئاوارەبوون بەبێ ئەوەی بزانن چی ڕوودەدات و چارەنوسیان چی دەبێت، لەم کاتەدا لە قەزای خەباتی سەر بە پارێزگای هەولێر، خۆپیشاندان بۆ پشتیوانی لە دانیشتووانی ئاوارەبووی گوندی لاجان دەستیپێکرد.

ژمارەیەك لە نوێنەرانی خەڵكی گوندی (لاجان) لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی وەزارەتی ناوخۆدا، سەبارەت بە رووداوەكان ڕایانگەیاند : " چ لە گۆڕێ نییە، با خەڵێك نەیەت بەناوی (لاجان) ئەو هەلەی بقۆزێتەوە، هیچ هێزێك نەهاتوەتە ناو گوندەكە، دەستی دەرەكی لە دەرەوەی پارتی هەیە كە دەیەوێت ئەو ئەمن و ئەمانەی كە لە هەرێم هەیە بشێوێنێت، ئێمە خۆمان 5 كەسمان رادەستكرد و ئێمە كوڕی ئەم حكومەتەین و شەڕی ناكەین، لاجان واتا پارتی، پارتی واتا لاجان".

بە وتەی نوێنەرانی خەڵکی گوندی لاجان هیچ کێشە و پشێویەک بوونی نەبووە و تەنها بۆ پاراستنی ئەمن و ئەمانی گوندەکە ئەو هێزە لەوێن.

بارودۆخی گوندی لاجان هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهات، بەڵام لە قەزای خەبات لە هەولێر گرژی و تەقەکردن دەستیپێکرد.

بەپێی زانیاریەکان، بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو لەلایەن دانیشتوانی خەباتەوە چەن شوێنێک سوتێنران و هێرشکرایە سەریان لەوانە: بینای قائیمقامیەت، قەپانی کەڵ و بینای کۆمسیۆن.

گرژییەکان لە گوندی لاجانەوە گوازرایەوە بۆ قەزای خەبات، هێزێکی زۆر بە چەکی قورسەوە رەوانەی خەباتکرا بۆ کۆنترۆڵکردنی بارودۆخی شوێنەکە و دامرکاندنەوەی خۆپیشاندەران، بەڵام بۆ ماوەیەکی زیاتر ڕووبەڕووبوونەوەکان بەردەوامبوون و چەندین برینداری لێکەوتەوە.