١٩ تشرینی دووەمی ٢٠٢٥
راوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئابووری رایگەیاند، داهاتی بودجەی ساڵی 2026 لە بودجەی ئەمساڵ نزیک دەبێت کە 200 تریلیۆن دینارە و داهاتەکان لە ساڵی داهاتووشدا بەشی تەواوی خەرجییەکان دەکات و هیچ کورتهێنانێک درووست نابێت بۆ مووچە و پڕۆژەکان.
ئەمڕۆ چوارشەممە 19ـی تشرینی دووەمی 2025، مەزهەر محەممەد ساڵح، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئابووری رایگەیاند، عێراق یاسای بودجەی سێ ساڵەی هەیە، بۆ ساڵانی 2023 و 2024 و 2025 ، بەپێی یاساکەش بودجەی عێراق لەو ماوەیەدا، لە بەرزترین ئاستی ساڵانەیدا دەگاتە 200 تریلیۆن دینار بەڵام ساڵانە زیاتر لە 60 تریلیۆن دیناریش کورتهێنانی دەبێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، یاسای بودجەی ئەمساڵ بەشێوەیەکە، داهاتەکان بەشی سەرجەم خەرجییەکانی تا کۆتایی ساڵ دەکات، لەوانەش مووچە و پڕۆژەکان و پارەی وەبەرهێنان، سەرەڕای ئەوەی تائێستا وەزارەتی دارایی دەستی بە ئامادەکردنی رەشنووسی یاسای بودجەی ساڵی 2026 نەکردووە، بەڵام پێشبینی دەکرێت رێژەی داهاتەکانی ساڵی داهاتوو لە داهاتەکانی ئەمساڵ نزیک بێت.
ئەمەش لەکاتیکدایە، بەگوێرەی یاسا لە ئەگەری نەبوونی یاسای بودجە، لە ساڵی 2026ـدا دەوڵەت دەتوانێت لە خەرجکردنی مووچە، پڕۆژە خزمەتگوزارییە گرنگەکان و پڕۆژە ستراتیژییەکان بەردەوام بێت.
