کۆریای باکوور: هەبوونی چەکی ئەتۆم باشترین بژاردەیە

١٤ تشرینی دووەمی ٢٠٢٥

بڵاویبکەرەوە لە

وەزیری دەرەوەی کۆریای باکوور رایگەیاند، هەبوونی چەکی ئەتۆم باشترین بژاردەیە و سەرکۆنەی ڕاگەیەندراوی وڵاتانی 7Gـی دەکەن کە داوایان کردبوو کۆریا دەستبەرداری تەواوی چەک و پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەی بێت.

ئەمڕۆ هەینی 14ـی تشرینی دووەمی 2025، چۆی سوون هی، وەزیری دەرەوەی کۆریای باکوور رایگەیاند، سەرکۆنەی ڕاگەیەندراوی وڵاتانی 7Gـی دەکەن کە پێشێلکردنی دەستوور و سەروەری خاکی کۆریایە.

ئاماژەی بەوەشکرد، سیاسەتی وڵاتەکەی بە هەوڵ و لێدوانی وڵاتانی دەرەکی گۆڕانی بەسەردا نایەت و هەبوونی چەکی ئەتۆمیش باشترین بژاردەیە، بۆ ئەوەی بەرپەرچی دووژمنکارانەی وڵاتان و مەترسییەکانی سەر وڵاتەکەمان بدەینەوە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، چوارشەممەی ڕابردوو وڵاتانی 7G لە ڕاگەیەندراوێکدا سەرکۆنەی پڕۆگرامی ئەتۆمی کۆریای باکووریان کرد و داوایان کرد، پیۆنگ یانگ دەستبەرداری چەکی ئەتۆم و پڕۆگرامی مووشەکی پێشکەوتوو بێت.