کۆمسیۆن وادەی بڵاوکردنەوەی ئەنجامی کۆتایی دیاریکرد

١٤ تشرینی دووەمی ٢٠٢٥

بڵاویبکەرەوە لە

وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق رایگەیاند، کۆمسیۆن خەریكی پرۆسێسكردنی دەنگی ئەو وێستگانەی دەنگدانە كە هێشتا ئەنجامەكانیان نەنێردراوە و رەنگە هەفتەی ئایندە ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن رابگەیەندرێت.

ئەمڕۆ هەینی 14ـی تشرینی دووەمی 2025، جومانە غەلای، وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق رایگەیاند، وەكو ئامادەكارییەك بۆ راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن، كۆمسیۆن خەریكی پرۆسێسكردنی دەنگی ئەو وێستگانەی دەنگدانە كە هێشتا ئەنجامەكانیان نەنێردراوە، ئەم ئەنجامانە دەخرێنە ناو ناوەندی هەژماركردنی دەنگەكان.

ئاماژەی بەوەشکرد، راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن دوای یەكلاكردنەوەی سكاڵاكان دەبێت، ئەمەش رەنگە بكەوێتە هەفتەی ئایندەوە و بە بڕیاری ئەنجومەنی كۆمسیاران دەبێت.

وتیشی، هەموو بڕیارەكانی ئەنجومەنی كۆمسیاران دوای سێ رۆژ لە بڵاوبوونەوەیان، دەكرێت لە دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەكان تانەیان لێ بدرێت.

ئەمەش لەکاتێکدایە، هەموو دەنگەكان دەخرێنە ناو پرۆگرامێكی تایبەت بە ئەژماركردنی شێوازی (سانت لیگۆ)، ئەم بەرنامەیە هەڵدەسێت بە دابەشكردنی كورسییەكانی هەر پارێزگایەك، كۆمسیۆنیش هەڵدەستێت بە راگەیاندنی ژمارەی كورسییەكان.