٨ تشرینی دووەمی ٢٠٢٥
سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند: "ئێمە نامانەوێت مووچەی هەرێم دوابكەوێت"، وتیشی: "دواکەوتنی مووچە پەیوەندی بە سیاسەتەوە نییە".
ئەمڕۆ شەممە، 8-11-2025، محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا رایگەیاند: "ئێمە نامانەوێت مووچەی هەرێم دوابكەوێت، بەڵام زیاتر لە ساڵێك بەردەوام بووین تا لەسەر تێچووی بەرهەمهێنان و هەناردەكردنەوەی نەوت لەگەڵ هەرێمی كوردستان و دواتریش لەگەڵ كۆمپانیاكان رێككەوتین، بۆیە تا ئەو كاتە مووچە دوادەكەوت".
وتیشی: "بەشی هەرە گرنگی پرسەكە كە ناردنی نەوتە ئێستا چارەسەركراوە، بۆیە بە دڵنیاییەوە ئەوەی دەمێنێتەوە بە زوویی چارەسەردەبێت و ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمیش بۆ لەمەودوا مانگانە بەردەوام دەبێت".
ئەوەشی خستووەتەڕوو: "بەلای ئێمەوە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم مانگێک دواکەوتووە و بابەتی مووچە پرسێکی تەنکیکی و یاساییە، بەهیچ جۆرێک پەیوەندی بە سیاسەتەوە نییە".
ئەمەش لە کاتێکدایە، مووچەخۆر و فەرمانبەرانی هەرێم تاکو ئێستا مووچەی مانگی نۆ و 10ـیان وەرنەگرتووە و بە چارەنووسێکی نادیار ماوەتەوە.
