بەشەخۆراکی مانگانەی ئەم کەسانە دەبڕدرێت
١٧ تشرینی یەكەمی ٢٠٢٥
بڵاویبکەرەوە لە
وەزیری بازرگانیی عێراق، رایگەیاند، بەشەخۆراکی ئەو فەرمانبەرانە دەبڕدرێت کە مووچەکانیان لە سەرووی ملیۆنێک و 500 هەزار دینار بێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئەسیر غەریری، وەزیری بازرگانیی عێراق لە لێدوانێکدا رایگەیاند: "لە قۆناغەکانی داهاتوو گۆڕانکاریی گەورە بەسەر میکانیزمی دابەشکردنی بەشەخۆراکی هاوڵاتییاندا دەهێنین، دادپەروەرانە نییە فەرمانبەرێک مووچەکەی سەروو ملیۆنێک و 500 هەزار دینار بێت، بخرێتە ئاستی کەسێکەوە کە هیچ سەرچاوەیەکی جێگیریی دارایی نییە".
وتیشی: "سیستمی بەشەخۆراکی مانگانە لە ساڵی 1990ـەوە دامەزراوە، ئەو سەردەمە سەرچاوەکانی بژێویی خەڵک سنوورداربوون، بەڵام ئەمڕۆ بارودۆخەکە تەواو جیاوازە، کەسانێک هەن مووچەکانیان نزیکە لە دوو ملیۆن دینار و بەشەخۆراکی مانگانەش وەردەگرن، ئەمەش دادپەروەرانە نییە".