وەزارەتی سامانە سروشتییەکان: ناتوانین هەناردەی نەوت دەستپێبکەینەوە تاکو بەغدا رەزامەندی نەدات

٢٤ ئەیلوولی ٢٠٢٥

بڵاویبکەرەوە لە

سامانە سروشتییەکانی هەرێم رایگەیاند، سەرجەم پابەندییەکانی خۆیان جێبەجێ کردووە و بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت پێویستیان بە واژۆی بەغدایە.

وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم لە بڵاوکراوەیەکدا رایگەیاند، لە چوارچێوەی راسپاردە و بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیران، تەواوی پابەندییەکانی خۆی بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدراڵ جێبەجێ کردووە.

هەروەها، واژۆی بە سەرجەم کۆمپانیاکانی نێوخۆ و بیانی کردووە، جگە لە یەک کۆمپانیای بیانی تاكو ئێستا ئەو رێککەوتنەی واژوو نەکردووە کە کاریگەریی لەسەر رێکەوتنە سێ قۆڵییەکەی نێوان وەزارەتەکە و کۆمپانیاکان و وەزارەتی نەوتی فیدراڵ نییە.

هەر بەپێی راگەیەندراوەکە، وەڵامی رەزامەندییەکانی وەزارەتەکە و کۆمپانیاکان لە (23)ـی ئەم مانگە بە نووسراوی فەرمی نێردراوە بۆ وەزارەتی نەوتی فیدراڵ، بۆیە چاوەڕوانن وەزارەتی نەوتی فیدراڵ بە واژۆکردنی رێککەوتنەکە وەڵامیان بداتەوە، تاوەکو بە زووترین کات کۆمپانیای سۆمۆ دەست بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێم بکات و بڕگەکانی رێککەوتنەکە جێبەجێ بکات.