٢٢ ئەیلوولی ٢٠٢٥
ئەندامێکی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: "دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە لەڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە نزیکە".
سەباح سوبحی ، ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق بە رۆژنامەیەکی وڵاتەکەی راگەیاند: "رێکارەکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە لەڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە نزیکە".
وتیشی: "رێککەوتنێکی سیاسی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی هەیە کە رێگە خۆشدەکات بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن لە زووترین کاتدا".
ئاماژەی بەوەشکرد: "دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە زۆر نزیکە، لە هەنگاوێکدا كە رەنگە کۆتایی بە گرێیەك بهێنێت دوو ساڵ و نیو لەنێوان بەغدا و هەولێر بەردەوامبوو، کە گەورەترین بەربەستی بەردەم ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بوو".
روونیشیکردەوە: "حکومەت نەرمییەکی روونی نیشانداوە لە جێبەجێکردنی داواکاریی کۆمپانیا نەوتییەکان، بە دابینکردنی گەرەنتی یاسایی و دارایی پێویست بۆ پاراستنی مافەکانیان، ئەمەش رێژەی لێکتێگەیشتنەکانی بۆ زیاتر لە (90%) بەرزکردووەتەوە".
ئەوەشی خستەڕوو: "دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن لەڕێگەی بەندەری جەیهانەوە، لانیکەم (230) هەزار بەرمیلی رۆژانە دەگەڕێنێتەوە بۆ بازاڕەكان، ئەمەش کاریگەری ئەرێنی لەسەر دۆخی دارایی عێراق و هەرێم دەبێت، بەشداریش دەبێت لە بەهێزكردنی سەقامگیری ئابوری و پاڵپشتیکردنی بودجەی گشتی".