١٨ ئەیلوولی ٢٠٢٥
هاتووچۆی سلێمانی رایگەیاند، بەبۆنەی دەستپێکی وەرزی نوێی خوێندن هاتنە ناوەوەی بارهەڵگر لە بازگەکان لە کاتژمێر 7:30 بۆ 8:30ـی بەیانیی قەدەغە دەکەن.
بەڕێوبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی سەبارەت بە دەستپێکی وەرزی نوێی خوێندن، لە راگەیەندراوێکدا پلانی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان بڵاوکردەوە، کە بریتین لە:-
1- هاتنە ناوەوەی بارهەڵگر بۆ ناو شاری سلێمانی لەڕێگەی بازگەکان و سنووری شەقامی بازنەیی مەلیک مەحموود لە رۆژی یەکشەممە 21-9-2025، لە کاتژمێر 7:30 بۆ 8:30ـی بەیانیی جگە لە رۆژانی هەینی قەدەغەیە، بە مەبەستی کەم کردنەوەی لۆد و قەرەباڵغی و گرفت و ئاستەنگی هاتووچۆیی، جێبەجێکردنی ئەم کارە لە ئەستۆی مەفرەزەکانی بەشی هاتووچۆی بازگەکان و هەردوو هاتووچۆی ناو شار (رۆژهەڵات و رۆژئاوا) جێبەجێ دەکرێت جگە لە قەدەغەکردنی هاتنە ناوەوە، لێپرسینەوەی یاساییش دەکرێت بەرامبەر هەر سەرپێچییەک.
2- داوا لە شۆفێرانی بەڕێز دەکەین رەچاوی خێراییەکان بکەن لە ناوچەکانی نیشتەجێبوون و بەردەم سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن و ئاگاداری زیاتریان هەبێت بۆ منداڵان و پیادە رەوەکان.
3- داوا لە شۆفێرانی ئەو پاسانە دەکەین کە منداڵ و قوتابی دەگوازنەوە رەچاوی ژمارەی یاسایی خوێندکاران لەناو پاسەکانیان بکەن و سەرنشینی زیادە سەرنەخەن و رێگا بە منداڵان نەدەن بەشێک لە جەستەیان لە جامەکان دەربکەن و لە جێی خۆیان دابنیشن، لەکاتی سەرکەوتن و دابەزین لە بەردەم قوتابخانەکان ئاستەنگ و لۆد دروست نەکەن، مەفرەزەکانی هاتووچۆی ناو شار لەکاتی سەرپێچیکردنی شۆفێرەکان، لێپرسینەوەی یاسایی دەکەن.