سۆمۆ کۆتایی بە گرێبەستی کڕیارەکانی نەوتی هەرێم هێنا

١٦ ئەیلوولی ٢٠٢٥

بڵاویبکەرەوە لە

سۆمۆ هەموو گرێبەست و پابەندییەکانی لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانەی نەوتی بەرهەمهێنراوی هەرێمی کوردستانیان دەکڕی، کۆتاییپێهێنا.

کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)، ئەمڕۆ سێشەممە لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، کە هەموو گرێبەست و پابەندییەکانی لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانەی نەوتی بەرهەمهێنراوی هەرێمی کوردستانیان دەکڕی، کۆتاییپێهێناوە.

جەختیشیکردەوە، کە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، شکۆی عێراق وەک سەرچاوەیەکی سەرەکی بۆ 'بازاڕی تینووی ئەوروپا" دەگەڕێنێتەوە.

هەر لەو بارەیەوە، عەلی نەزار شەتەری، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیاکە، لە لێدوانێکدا رایگەیاند: "ئەوەی لە هەرێمی کوردستان روویدا، بابەتی لێکتێگەیشتن و دانانی میکانیزمی کارکردنە، بۆیە یاسا بەسەر هەموواندا جێبەجێ دەبێت".

روونیشیکردەوە: "وەزارەتی نەوتی فیدراڵی و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی یەک ستراتیژدا کاردەکەن، بەو پێیەی نەوتی بەرهەمهێنراو نەوتی عێراقییە، و تایبەتمەندییەکە تەنها لە سروشتی پەیوەندیی نێوان حکومەتی هەرێم و ئەو کۆمپانیایانەدایە کە لەوێ کاردەکەن".

وتیشی: "حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم و کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکان پێویستیان بە تەواوکردنی میکانیزمی جێبەجێکردنی یاسای بودجەیە، و لەم بارەیەوە گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتنی هاوبەش".

ئەوەشی خستەڕوو: "هەوڵەکان بەردەوامن بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی کۆتایی کە رێگە بدات بە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی خاو بۆ بەندەری جەیهان".

بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیاکە باسی لەوەشکردووە: "نەوتی خاوی بەرهەمهێنراو لە هەرێمی کوردستان لە ئێستادا هەناردە ناکرێت، بەڵکو لە ناوخۆی هەرێمدا بەکاردەهێنرێت، ئێمە بەپێی یاسای بودجەی ساڵی 2025 کاردەکەین بۆ ئەوەی بڕە زیادەکان لە دوای بەکاربردنی ناوخۆیی بگۆڕدرێن بۆ هەناردە".

دەشڵێت: "کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ) هەموو گرێبەست و پابەندییەکانی لەگەڵ کۆمپانیا کڕیارەکاندا کۆتاییپێهێناوە و ئامادەیە بۆ وەرگرتنی بڕەکان هەر کاتێک لەلایەن کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکان و حکومەتی هەرێمەوە هەناردە بکرێن".

عەلی نەزار جەختیشیکردەوە: "تا ئێستا (سۆمۆ) هیچ بڕە نەوتێکی لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم وەرنەگرتووە، پەیوەندییە گرێبەستییەکە لەنێوان وەزارەت لە کوردستان و کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکاندا دەمێنێتەوە".