پۆلیسی سلێمانی: بە تۆمەتی دزینی 126 ملیۆن و 60 مسقاڵ زێڕ دوو کەس دەستگیركران

١٥ ئەیلوولی ٢٠٢٥

بڵاویبکەرەوە لە

پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، بەتۆمەتی دزینی (126) ملیۆن دینار و نزیکەی (60) مسقاڵ زێڕ دوو تۆمەتبار دەستگیركران.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لەسەر سكاڵای هاوڵاتییەك و بەتۆمەتی دزیکردن، لەلایەن مەفرەزەكانی نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی چەمچەماڵەوە دوو تۆمەتبار دەستگیركران.

ئاماژەی بەوەشکرد، دوای ئەوەی هاوڵاتییەك سكاڵای تۆماركرد کە بڕی (126) ملیۆن دینار و نزیکەی (60) مسقاڵ زێڕی لێ دزراوە، مەفرەزەكانی نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی چەمچەماڵ لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونەكانیان دەستپێكرد و دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، توانرا دوو تۆمەتبار دەستگیربكرێن. هەروەها دەستگیرا بەسەر بڕێک لەپارە دزراوەکەدا.

ئاشکراشیکرد، تۆمەتباران (ب، ع، ع) لەدایکبووی 1999، (م، م، إ) لەدایکبووی 2000، دانیان بەتاوانەکەیاندا ناوە و لە ئێستادا بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 443 لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکە بەردەوامە.