١٤ ئەیلوولی ٢٠٢٥
ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی دارایی عێراق دەڵێت، حكومه‌تی کاربەڕێکەری هەرێم به‌رپرسیاره له‌و دۆخه خراپه‌ی دووچاری خه‌ڵكی كوردستان بووەتەوە، وتیشی، پارتی نزیكبوونه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنی قۆستووه‌ته‌وه بۆ سه‌پاندنی مه‌رجه‌كانی به‌سه‌ر به‌غدادا.
موعین كازمی، ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عێراق، لە چاوپێکەوتنێکدا رایگه‌یاند: "تاکو ئێستا هه‌رێمی كوردستان نه‌وت و داهاته‌كانی دیكه‌ی راده‌ستی حكومه‌تی فیدراڵ نه‌كردووه".
وتیشی: "حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رپرسیاره له‌و نه‌هامه‌تییه‌ی خه‌ڵكی كوردستان دووچاربوون به‌هۆی ناشه‌فافیه‌ت له‌گه‌ڵ به‌غدا".
ئاماژەی بەوەشکرد: "پارتی دیموكراتیی کوردستان نزیكبوونه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوو ده‌قۆزێته‌وه بۆ سه‌پاندنی مه‌رجه‌كانی به‌سه‌ر حكومه‌تی فیدراڵ سه‌باره‌ت به ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌كردنی نه‌وت و چه‌ندین بابه‌تی دیكه".