٧ ئەیلوولی ٢٠٢٥
سەرۆکی ئاژانسی پزیشکیی بایۆلۆجی دەڵێت، ڤاکسینێکیان بەرهەمهێناوە بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشی شێرپەنجە و کەمکردنەوەی قەبارەی گرێ شێرپەنجەییەکان.
ڤیرۆنیکا سکڤۆرتسۆڤا، سەرۆکی ئاژانسی پزیشکی و بایۆلۆجیی فیدراڵی (FMBA)، لە میانی کۆڕبەندی ئابووریی رۆژهەڵات (EEF) رایگەیاند، ڤاکسینی شێرپەنجەی رووسی بە سەرکەوتوویی تاقیکردنەوەکەی تەواوکردووە و نیشانەی سەلامەت و کاریگەرییەکی بەرزی نیشانداوە.
وتیشی، ڤاکسینەکە ئێستا ئامادەیە بۆ بەکارهێنان و چاوەڕێی وەرگرتنی مۆڵەتی فەرمین؛ توێژینەوەکان چەندین ساڵیان خایاندووە بۆ ئەوەی بگەنە ئەو ئەنجامە.
جەختیشیکردەوە، ئەنجامی تاقیکردنەوەکان سەلامەتیی و کاریگەری ڤاکسینەکەیان سەلماندووە، توێژەران تێبینیی ئەوەیان کردووە کە ڤاکسینەکە بووەتە هۆی کەمبوونەوەی قەبارەی گرێ شێرپەنجەییەکان و خاوبوونەوەی گەشەکردنیان بەڕێژەی 60% بۆ 80%، ئەمەش بەپێی جۆری نەخۆشییەکە دەگۆڕێت. جگە لەوەش، لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە ڤاکسینەکە تەمەنی نەخۆشەکان درێژدەکات.