٧ ئەیلوولی ٢٠٢٥
ئەمشەو مانگ دەگیرێت و رەنگی بۆ سوور دەگۆڕێت، دانیشتووانی هەرێمی کوردستان و تەواوی ئاسیا دەتوانن دیاردەکە ببینن.
زانایانی بواری گەردوونناسی رایانگەیاند، کاتێک خۆر، زەوی و مانگ دەکەونە سەر یەک هێڵ، سێبەری زەوی دەکەوێتە سەر مانگ و وای لێدەکات بە رەنگێکی سوور دەربکەوێت، کە مرۆڤ تووشی سەرسووڕمان دەکات.
باسیان لەوەشکرد، خەڵکی باشوور، رۆژهەڵات، بەشێکی باکوور و بەشێکی رۆژئاوای کوردستان دەتوانن مانگگیرانی تەواوەتی ببینن.
بە گوێرەی ئەندازە گەردوونییەکان، کە پشت بە لێکدانەوەی جووڵەی مانگ و زەوی دەبەستن، کاتژمێر 7:27 خوولەکی ئێوارە بە کاتی هەولێر، دانیشتووانی باشووری کوردستان دەبینن کە مانگ دەست بە گیران دەکات.
هەروەها، کاتژمێر 8:30 خولەک و 48 چرکە، مانگ بە تەواوی دەگیرێت و بۆ ماوەی کاتژمێرێک و 22 خولەک و 3 چرکە بەردەوام دەبێت و کاتژمێر 11:55 خوولەکی شەو، مانگ ئاسایی دەبێتەوە و هیچ سێبەرێکی زەویی لەسەر نامێنێت.