٢٨ ئابی ٢٠٢٥
بەریتانیا، فهرهنسا و ئهڵمانیا رایانگەیاند، بڕیاریانداوە میکانیزمی "سناپ باک" بۆ سەپاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەسەر ئێراندا کارا بکەن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، دوای نەگەیشتن بە ڕێککەوتنێک لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی، سێ وڵاتە ئەوروپییەکە، پرۆسهیەکی 30 ڕۆژهیان بۆ سهپاندنهوهی سزا نێودەوڵەتییەکان بەسهر ئێراندا دهستپێکرد.
میکانزمی سەپاندنەوەی سزاکان "سناپ باک" بەندێکی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015یە کە دەڵێت، ئەگەر هەر بەشداربوویەکی ڕێککەوتنەکە واتە ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا، ڕوسیا و چین یان ئەڵمانیا پێی وابوو، ئێران ڕێککەوتنەکەی پێشێلکردووە، دەتوانێت ئەنجوومەنی ئاسایش ئاگادار بکاتەوە بۆ ئەوەی دوای 30 ڕۆژ لە ئاگادارکردنەوەکە، سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان خۆکارانە بگەڕێنرێنەوە سەر ئێران.
بۆ گەڕاندنەوەی سزاکان، بەپێی هەمان ڕێککەوتننامە، پێویست بە دەنگدانی ئەنجوومەنی ئاسایش نییە، بۆیە چین و روسیا کە هاوپەیمانی ئێران و ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشن، ناتوانن ڤیتۆی بکەن.
تاکە ڕێگا بۆ ڕێگریکردن لە گەڕانەوەی سزاکان، ئەوەیە کە لە ماوەی ئەم 30 رۆژەدا، ئێران سێ وڵاتە ئەوروپییەکە ڕازی بکات کە میکانیزمەکە ڕابگرن و سزاکان بەسەریدا نەسەپێننەوە.
