دەسەڵاتداران دەیانەوێت یان زوڕنابیت یان جاسوس یان گوێڕایەڵ بەڵام رۆژنامەنووس نەبیت

٢٧ ئابی ٢٠٢٥

بڵاویبکەرەوە لە

ئەحمەد بەهادین، یەكێك بوو لە لوتەكانی رۆژنامەگەری عەرەبی و میسڕی، خاوەنی دەیان كتێبە، ئەم رۆژنامەنووسە گەورەیە كە ساڵی 1996ماڵئاوایی لەژیان كرد، لەیەكێك لە چاوپێكەوتنەكاندا كە رۆژنامەنووسی گەورە موفید فەوزی لەگەڵیدا كردووە باس لەم رووداوە دەكات:

لەناوەڕاستی شەستەكان، ململانێ و كێشە و بەركەوتن لەنێوان جەمال عەبدولناسڕ و جێگرەكەی عەبدولحەكیم عامر روویدا، عامر جگە لەوەشی هاوڕێی نزیكی ناسڕ بوو، هەم جێگری بوو هەمیش ماوەیەكی زۆر وەزیری بەرگریش بوو كە دواتر 1967هەواڵی خۆكوشتنی بڵاوبووە بەڵام دوایی دەركەوت ژەهرخوارد كراوە، یان دەوترێت بەهۆی خواردنی خراپەوە ژەهراوی بووە .

ناكۆكی توند و كێشە و بەركەوتنی گەورە و تۆراندنی سیاسی گەیشتە لوتكە لەنێوان عامر و ناسڕ، چەند رۆژنامەنووسێك هاتنە لام پێیان وتم: بەنیازین لیژنەیەك دروستبكەین كە سەردانی هەردووكیان بكەین و كەمێك ئەو گرژیانە كەمبكەینەوە، پێم وتن: من نایەم، سەیریان لێهات دەشیانزانی من بەرگریى لەهیچ تەرەفێك ناكەم. دووبارە پرسیاریانكرد بۆ نایەیت ئەمە لەخێری گشتییە، منیش بەكورتی پێموتن: من وەك ئێوە كاری رۆژنامەنوسی دەكەم، كاری ئێمە گەیاندنی پەیام و لێكدانەوە و قسەكردنە لەسەر رووداوەكان، نەك كاری سوڵح و خواردنی نان لەسەر سفرەی بەرپرسەكان بۆ ئەوەی دڵیان بەرامبەر یەك چاكبێتەوە. ئەگەر كێشەكە كێشەی عاشق و هاوسەرگیرییە دێم، بەڵام كاری رۆژنامەنووس سوڵح نییە و ئامۆژگاریش نییە،بەڵكو نووسینە .

ئەم قسەی منیان دواتر بۆ محەمەد حەسنین هەیكەل گێڕابووەوە،ئەویش وتووبوی :ئەحمەد بەهادین وانەیەكی نوێ لەكاری رۆژنامەگەریی پێشكەشكردین .

ئەوەندە خۆیان بەعاقڵ دادەنێن، هیچ پێویست ناكات یەك قسە بۆ هیچ بەڕپرسێك بكەیت. بەختەوەریش ئەو رۆژنامەنوسەیە كە كاری خۆی دەكات و نزیك نییە لەهیچ سەرێكی زلیی بەتاڵی ئەم وڵاتەوە... جاڕ بەجەهنەم گوێ بگرن یان نەیگرن

محەممەد نوری