دەزگای ئاسایش: لاهوور شێخ جەنگی و ئەژی ئەمین پێکەوە پلانیان بۆ کوشتنی بافڵ تاڵەبانی داناوە

٢٧ ئابی ٢٠٢٥

بڵاویبکەرەوە لە

‌دەزگای ئاسایشی هەرێم، ئاشکرایکرد بەپێی بەڵگەکانیان، هەریەک لە لاهور شێخ جەنگی و ئەژی ئەمین بەیەکەوە هەوڵی کوشتنی بافڵ تاڵەبانیان داوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، ڕاگەیەنراوێکی لەبارەی ڕووداوەکەی لالەزار بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: " بەپێی بەڵگەکان هەریەک لە لاهور شێخ جەنگی و ئەژی ئەمین بەیەکەوە هەوڵی کوشتنی بافڵ تاڵەبانیان داوە".

لەڕاگەیەنراوەکەیدا، دەزگای ئاسایش ئاماژەی بەوەش کردووە: " ئەو کەسەی هەوڵی کوشتنی بافڵ تاڵەبانی بە نیشانشکێن داوە، ناوی رێبوار قودرەتە".

دەزگای ئاسایشی هەرێم باسی لەوەش کردووە: "زنجیرە پلانێکی هاوبەش لەنێوان لاهور شێخ جەنگی و ئەژی ئەمین بۆ تێکدانی سلێمانی هەبووە. ئامانجی پلانەکەش دروستکردنی ئاژاوە و پشێوی و بە ئامانجگرتنی کەسایەتی ئەمنی، سیاسی و کارمەندی حکومی بووە.

هەر بەپێی ڕاگەیەنراوەکەی ئاسایش، دادگا فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ژمارەیەک کەس دەرکردووە کە گومان دەکرێت دەستیان هەبووبێت لە سەرپەرشتی ڕێکخستنی هەوڵەکان یەکێک لە فەرمانەکان بۆ دەستگیرکردنی لاهوور شێخ جەنگی.