٢٠ ئابی ٢٠٢٥
سەرۆکی ڕاگوزەری سوریا فەرمانی ژمارە 143 ساڵی 2025ی واژۆكرد، بە پەسەندكردنی سیستمی هەڵبژاردنی کاتیی بۆ پەرلەمانی سوریا و یەک لەسەر سێی پەرلەمانتارانیش خۆی دیاریدەکات و ڕێگاش نادات جوداخوازەکان خۆیان کاندید بکەن.
ئاژانسی هەواڵی (سانا) ڕایگەیاند، ئەحمەد شەرع سەرۆکی ڕاگوزەری سوریا، فەرمانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی نوێی سوریا دەرکرد کە بەپێی سیستەمی هەڵبژاردنی کاتیی سوریا، جەخت لەسەر ڕێگریکردن لە خۆكاندیدكردنی پارێزگار و وەزیرەکانی پێشوو دەكاتەوە بۆ ئەندامێتی پەرلەمانی نوێ.
هاوكات لە مەرسومەکەی ئەحمەد شەرعدا ئاماژە بەوەکراوە، سیستەمی هەڵبژاردنی کاتیی کاندیدکردنی ئەو کەسانە قەدەغە دەکات کە بانگەشە بۆ دابەشبوون و جیابوونەوە دەکەن و داوای پشتیوانیى دەرەکی دەکەن و پشتگیریی لە ڕژێمی پێشوو دەکەن.
بەپێی ماددەی دووی یاساكە، ژمارەی ئەندامانی پەرلەمانی نوێی سوریا 210 کەس دەبێت و دوو لەسەر سێیان بەپێی بڕگەکانی فەرمانەکە هەڵدەبژێردرێن، کورسییەكانیش بەپێی دابەشبوونی دانیشتووان بەسەر پارێزگاکاندا دابەش دەكرێن.
ڕەخنەگرانی ئەم هەنگاوە نوێیەی حكومەتی سوریا دەڵێن، ئەحمەد شەرع یەك لەسەرسێی ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمانی داهاتووی سوریای بەدەركردووە لە كێبڕكێی هەڵبژاردن و خۆی كورسییەكان پڕدەكاتەوە، واتە بە فەرمانی خۆی 70 پەرلەمانتار دادەمەزرێنێت كە دەكرێت بەمە شەرع هاوسەنگی هەرجۆرە دەرئەنجامێكی هەڵبژاردن تێكبدات كە ڕەنگدانەوەی خواستی حوكمڕانییەكەی نەبێت، بەتایبەت كە لە ئێستادا دەستەی تەحریری شام كۆنتڕۆڵی تەواوی جومگەكانی سوریای كردووە، تەنها پەرلەمان ماوە زۆرینەی ڕەهای تیادا مسۆگەر بكات.
خالێكی دیكەش، بڕیاری بێ بەشكردنی ئەو كەسانەیە كە بانگەشەی دابەشوبوونی خاكی سوریا دەكەن و خۆیان بەهێزی دەرەكی بەهێز دەكەن، هەروەها ئەوانەی پشتیوانیی ڕژێمی پێشوو دەكەن.
دەكرێت ئەم بڕگەیەش وەك چەكێكی سیاسی دژی تەواوی كەس و لایەن و پێكهاتانە بەكاربهێنرێت كە بۆچوونی جیاوازیان هەیە لەگەڵ شەرع و دەسەڵاتەكەی.
دەسەڵاتدارانی سوریا بەشێوەیەكی بەردەوام تۆمەتی جوداخوازی و پشت بەستن بەهێزی دەرەكی دەدەنە پاڵ كورد و دروزەكان هاوكات عەلەوییەكانیش بە پاشماوەی رژێمی پێشوو ناودەبەن.
ئەمەش وا لێکدەدرێتەوە، ڕەنگە بەو ماددەیە لەئێستاوە دەسەڵاتەکەی شەرع ئامادەكاری بكات بۆ پەرلەمانێكی یەك ڕەنگ و یەك پێكهاتە، یان لە باشترین دۆخدا؛ بەشداری پێكردن بەهەندێك كەسی دیاریكراو لە پێكهاتەكانی تر، لەپێناو پیشانی جۆرێك فرەیی و بەشداری پێكهاتەكان، هاوشێوەی پێكهێنانی حكومەتی سوریا.