٢٠ ئابی ٢٠٢٥
شارەوانی سلێمانی ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی کارەکانی پڕۆژەی شەقامی 100 مەتری لە یەکتربڕی تاسڵوجە، بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەشێک لە ڕێگای سەرەکیى سلێمانی بۆ کەرکوک دادەخرێت و داواش لە شۆفێران دەکات ڕێگای جێگرەوە بەکار بهێنن.
ئەمڕۆ چوارشەممە، شارەوانی سلێمانی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: "بەهۆی کارکردنەوە لە شەقامی 100 مەتری لە یەکتربڕی تاسڵوجە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەشێک لە رێگای سەرەکیى سلێمانی بۆ کەرکوک بەرووی شۆفێراندا دادەخرێت.
ئاماژە بەوەش کراوە، لە لایەن تیمەکانیان لە سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی و کۆمپانیای جێبەجێکار دەستدەکرێت بەدانانی گرێدەر بۆ سەقفی پردەکە، بۆ ئەو مەبەستە بەشێک لە شەقامی سلێمانی بەئاڕاستەی کەرکوک دادەخرێت، کاتی داخستنەکەش لەڕۆژی هەینی کە دەکاتە رێکەوتی 22/8/2025، بۆ ماوەی 72 کاتژمێر شەقامەکە بەڕووی شۆفێراندا دادەخرێت.
شارەوانی سلێمانی داواش لە شۆفران دەکات، ڕێگای جێگرەوە بەکاربهێنن ئاڕاستەی (سلێمانی – تاسڵوجە - کەرکوک ) لەجیاتی سلێمانی بۆ کەرکوک و بۆ ئاراستەی کەرکوک – سلێمانی دەخرێتە سەر سایدی ئاڕاستەی (سلێمانی - کەرکوک).