دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق پێدانی پاسپۆرتی دیپلۆماسی بە پلە باڵاکان هەڵوەشاندەوە

٢٠ ئابی ٢٠٢٥

بڵاویبکەرەوە لە

دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق هەمواری یاسای پاسپۆرتی عێراقی هەڵوەشاندەوە کە سەرەکیترین گۆڕانکارییەکانی پێدانی پاسپۆرتی دیپلۆماسی بوو بە پلە باڵاکان و خێزانەکانیان.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 20/8/ 2025، دادگای باڵای فیدراڵی بڕیاری دا، ئەو هەموارەی پەرلەمان کردوویەتی بۆ یاسای پاسپۆڕتی عێراقی، "نادەستوورییە".

سکاڵاکە لەلایەن وەزیرانی ناوخۆ و دەرەوەی عێراقەوە بەجیا پێشکەشکرابوون و دواتر سکاڵاکان لەلایەن دادگاوە یەکخرابوون، تێیاندا داوایان دەکرد ئەو هەموارە بە نادەستووری بناسرێت کە پەرلەمانی عێراق لە یاسای پاسپۆرتدا کردوویەتی.

ئەمەش لەکاتێکدایە، ڕۆژی 13ی کانوونی دووەمی 2025، پەرلەمانی عێراق پڕۆژەیاسای هەمواری یاسای پاسپۆرتی پەسند کرد کە لەلایەن لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانەوە پێشکەشکرابوو.

لەدیارترین گۆڕانکارییەکانی ئەو هەمووارە ئەوەیە؛ پاسپۆرتی دیپلۆماسی دەدرێتە پلە باڵاکان و خێزانەکانیان کە پێشتر بەڕێنمایی لەلایەن وەزارەتی دەرەوەوە پێیان دەدرا. ئەو کەسانەی زیادکرابوون بۆ هەموارەکە 25 پۆستی پلە باڵا بوون لە عێراق و هەرێمی کوردستان.