٢٠ ئابی ٢٠٢٥
ئەندامێکی بەشدار لە کۆبوونەوەی نێوان هەولێر و بەغدا دەڵێت: "شاندی هەرێمی کوردستان داوایان لە تەیف سامی کردووە، مووچەی مانگی شەش بنێرێت، بەڵام وەزیرەکەی عێراق پێی وتوون هەر کات نووسراوی ئەنجوومەنی وەزیرانمان پێگەیشت، دەینێرین".
کۆبوونەوەی شاندی حکومەتی کاربەڕێکەر و وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئەمڕۆش درێژەی هەبوو و بەپێی زانیارییەکان گفتوگۆی چڕ کراوە لەسەر داهاتی ناوخۆ و بەتایبەتی لەسەر ئەوەی کام داهاتەی هەرێمی کوردستان 50٪ی بۆ بەغدا بگەڕێتەوە. سەرچاوەیەکی ئاگاداری کۆبوونەوەکانیش لەلێدوانێکی میدیاییدا ڕایگەیاند: "لەسەر داهاتی گومرگ ڕێککەوتوون کە 50 بە 50 بێت بۆ هەردوو حکومەت، ئەوەی ماوەتەوە باج و رسوماتە و هەفتەی داهاتوو قسەی کۆتایی لەسەر دەکەن."
ئەو سەرچاوەیە وتیشی: "شاندی هەرێمی کوردستان داوایان لە تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق کردووە مووچەی مانگی شەش خەرج بکات، بەڵام ئەو ڕایگەیاندووە، تاوەکو ئێستا نووسراوی ئەو بڕیارەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی بەدەست نەگەیشتووە و هەر کاتێک گەیشتە دەستیان لەسەر بنەمای بڕیارەکە، مووچەی مانگی شەشی هەرێمی کوردستان خەرج دەکەن'."
هاوکات ئەو سەرچاوەیە ڕاشیگەیاند: "لایەنی عێراقی ڕازیبوونە بۆ مانگەکانی داهاتوو بەو بڕیارەدا بچنەوە کە 120 ملیار دینار وەکو داهاتی نێوخۆ دیاریکرابوو، بڕیارێکی نوێ دەدەن، بەڵام تائێستا هیچ پێشنیازێک بۆ ئەو مەبەستە نەخراوەتەڕوو".
هەر بەپێی زانیارییەکان، شاندی حکومەتی کاربەڕێکەر لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق و لیژنە وەزارییەکەی حکومەتی عێراق بەردەوام دەبن لە کۆبوونەوە و گفتوگۆکردن، ماوەی هەفتەیەکیان لەبەردەستە تاوەکو بگەنە ئەنجامی کۆتایی" بەوتەی ئەو سەرچاوە ئاگادارەی کۆبوونەوەکان.
بەوتەی سەرچاوەیەکی حکومەتی عێراقیش، ئەگەر هەولێر 120 ملیار دینارەکە ڕادەست بکات، وەکو داهاتی ناوخۆی مانگی شەش و ڕێکارەکانی ڕادەستکردنی نەوت تەواو ببن، مووچەی مانگی شەش دەنێردرێت، تەنانەت ئەگەر کاری لیژنەکانی[ لێکۆڵینەوە لە داهاتی نانەوتی] دوابکەوێت، چونکە ڕێککەوتنی ئەوان بۆ مانگەکانی داهاتووە نەوەک مانگی شەش".