دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنی عێراق: ئەمڕۆ گەشتەکانی عومرە دەستپێدەکەنەوە

٢٠ ئابی ٢٠٢٥

بڵاویبکەرەوە لە

دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراقی ڕایگەیاند: "بەهۆی چلەی ئیمام حوسێن گەشتەکان راگیرابوون و ئەمڕۆ دەستپێدەکەنەوە".

ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزارەتی گواستنەوەی عێراق ڕایگەیاند: "بە بەکارهێنانی چوار جۆر فڕۆکەی جیاواز گەشتەکان دەستپێدەکەنەوە، چونکە ژمارەی عومرەکاران روو لە هەڵکشانە".

دەشڵێت، پلانی کارکردنیان زیادکردنی پلە بە پلەی ژمارەی گەشتەکانی عومرەیە، لەگەڵ دڵنیابوون لەلایەنی خزمەتگوزاری و ئاسانکاری بۆ عومرەکاران.

هەر لەو بارەیەوە، وەلید دلفی بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراق لەلێدوانێکدا ڕایگەیاند: "بەهۆی رێوڕەسمەکانی زیارەتی چلەی ماتەمینی ئیمام حوسێن، گەشتەکانی عومرە بۆ ماوەی هەفتەیەک راگیرابوو، چونکە پاڵەپەستۆی زۆر لەسەر هێڵەکەمان هەبوو."

ئەمەش لەکاتێکدایە، بۆ ماوەی زیاتر لە هەفتەیەکە نزیکەی دوو هەزار هاوڵاتیی هەرێمی کوردستان کە بە فڕۆکە گەشتی سعودیەیان کردبوو، بەهۆی نەبوونی فڕۆکەوە نەیانتوانی بگەڕێنەوە.