ئەو عێراقیانەی بەریتانیا دیپۆرت دەکرێنەوە كە مافی پەنابەرێتیان نییە

٢٠ ئابی ٢٠٢٥

بڵاویبکەرەوە لە

ئاژانسێکی بەریتانی رایگەیاند، هەموو ئەو عێراقیانەی بەریتانیا دیپۆرت دەکرێنەوە كە مافی پەنابەرێتیان نییە.

ئاژانسیPA Mediaـی بەریتانی بڵاویكردەوە، بەپێی ئەو رێككەوتنەی نێوان لەندەن و بەغدا، كە لەلایەن دان جارفیس، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا و فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، واژۆی لەسەركراوە؛ هەموو ئەو عێراقیانە دەگەڕێنرێنەوە كە مافی پەنابەرێتیان نییە.

ئاماژەی بەوەشكرد، رێككەوتنەكە ساڵی پار لە بەغدا واژۆكراوە و بڕی ملیۆنێك و 77 هەزار دۆلاری بۆ تەرخانكراوە بۆ ئەوەی عێراق بتوانێت رێگری بكات لە كۆچی نایاسایی وڵاتەکەی بەرەو ئەوروپا.

بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا بەهۆی رێككەوتننامەكانی نێوان وڵاتەكەیان و عێراق، رێژەی كۆچی عێراقییەكان كەمیكردووە، بەجۆرێك لە ساڵی پارەوە تاوەكو حوزەیرانی ئەمساڵ تەنیا 1900 كۆچبەر هەوڵیان داوە بەنایاسایی بچنە ئەو وڵاتەوە، لەكاتێكدا لە ساڵی 2023 دا 2600 پەنابەری عێراقی بەشێوەیەكی نایاسایی بەرەو بەریتانیا بەڕێكەوتبوون.