١٩ ئابی ٢٠٢٥
کۆمەڵی دادگەری بە ڕاگەیەنراوێک پشتیوانیی خۆی بۆ خۆپیشاندانەکەی سبەینێی فەرمانبەرانی ناڕازی لە سلێمانی ڕاگەیاند و جەختدەکاتەوە کە پشتیوانی خۆپیشاندانەكەی سبەینێ دەكەن بۆ مووچە.
ئەمڕۆ سێشەممە، کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، لەبارەی خۆپیشاندانەکەی سبەینێ چوارشەممەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی سلێمانی، ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: "سەبارەت بە خۆپیشاندانی ڕۆژی چوارشەممەی چین و توێژەکان بۆ داکۆکی لە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، کۆمەڵی دادگەری دووپاتی هەڵوێستی بنەرەتی خۆی دەکاتەوە لە پشتیوانیی هەموو خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکی خەڵکی کوردستان بۆ داکۆکی لە مووچە و مافە ڕەواکانی دیکە، بەتایبەت کە سێ مانگە سەرەتاییترین ماف کە موچەیە دابین نەکراوە".
ئاماژەی بەوەشکردووە: "لێرەوە ڕایدەگەیەنین کە کۆمەڵی دادگەريی وەک هەمیشە پشتیوانی هەر چالاکییەکی مەدەنیی جەماوەرییە بە ئاڕاستەی دابینکردنی مافەکانی خەڵک، پێویستیشە دەسەڵاتداران نەک هەر ڕێگری لە مافی ناڕەزایی خەڵک نەکەن، بگرە دەبێت ئارامی و کەشی خۆپیشاندانیش بپارێزن".
هاوکات، هەریەکە لە جوڵانەوەی نەوەی نوێ و ڕەوتی هەڵوێست پشتیوانیی خۆیان بۆ خۆپیشاندانەکەی سبەینێی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی دەربڕیوە و دووپاتیانکردووەتەوە کە بەشداریی لە خۆپیشاندانەکە دەکەن.