بەربەستەکانی بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم

١٩ ئابی ٢٠٢٥

بڵاویبکەرەوە لە

گرەنتیی نووسراو بۆ دەستەبەرکردنی بەردەوامیی شایستەی دارایی کۆمپانیاکان، بەربەستى سەرەکیى بەردەم رادەستکردنی نەوتە، یەکێکی دیکە لە بەربەستەکان، قەرزی کەڵەکەبووی کۆمپانیاکانی نەوتە لەسەر حکومەتی کاربەڕێکەر کە زیاتر لە 900 ملیۆن دۆلارە.

ئەمڕۆ سێشەممە، سەرچاوەیەک لە کۆمپانیای نەوتی باکور (سۆمۆ) لە لێدوانێکی میدیاییدا، ئاشکرای کرد: "لیژنەیەک سەردانی دوایین وێستگەی هەناردەی نەوتی لە پیشخابوور کردووە بۆ دڵنیابوونەوە لە ئامادەیی ئەو وێستگەیە و گێجەکانی نوێ کراونەتەوە و ئامادەن."

وەزارەتی نەوتی عێراق چاوەڕوانی ڕادەستکردنی نەوتە لەلایەن حکومەتی کاربەڕێکەر بەمەبەستی هەناردەکردنەوەی کە لەسەر بنەمای ئەو بڕەی کە بەرهەم دەهێنرێت، هەرچەندە بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە 17ی تەممووز بڕەکە بە 230 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە دیاریکراوە بۆ هەناردەکردن.

بەپێی زانیارییەکان، بەربەستی سەرەکیی بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوت، کۆمپانیاکانن کە داوای گرەنتی نووسراو بۆ وەرگرتنی شایستە داراییەکانیان دەکەن، شایستەکەش 16 دۆلارە بۆ هەر بەرمیلێک، کۆمپانیاکان ئەو گەرەنتییە نووسراوەیان لە حکومەتی فیدراڵ دەوێت.

 

یەکێکی دیکە لە بەربەستەکان، قەرزی کەڵەکەبووی کۆمپانیاکانی نەوتە لە هەرێمى کوردستان کە زیاتر لە 900 ملیۆن دۆلارە.

 

بەرپرسێکی یەکێک لە کۆمپانیاکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان، لەم بارەیەوە ڕایگەیاند: "بڕیار وایە، یەکلاییکردنەوەی قەرزی کەڵەکەبووی کۆمپانیاکانی نەوت بخرێتە قۆناخێکی دوای دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت کە لە ماوەی 90 رۆژدا ئەو پرسە یەکلایی بکرێتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەک لە وەزارەتی نەوت وردبینی لەو بڕە قەرزانە دەکات کە چۆنە و وردەکارییەکەی چییە بۆ ئەوەی حکومەتی فیدراڵی بیداتەوە".

لە 13ی ئابی 2025ـەوە رێککەوتنی نێوان وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و وەزارەتی نەوتی عێراق لەبارەی رادەستکردنی نەوت واژۆ کراوە. تائێستا ئەو هەنگاوە نەنراوە بۆ هەناردەکردنی بڕێک لە نەوتەکە و بەکارهێنانی بەشەکەی دیکەی بۆ سووتەمەنیی ناوخۆ.