١٨ ئابی ٢٠٢٥
میدیایەکی عێراقی ئاشکرای دەکات، سبەی سێشەممە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری یەکلاکەرەوە لەبارەی پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دەدات و ئەمڕۆ یان سبەی حکومەتی کاربەڕێکەر داهاتە ناوخۆییەکانی ڕادەستی بەغدا دەکات.
ئەمڕۆ دووشەممە، ماڵپەری (بەغداد ئەلیەوم) لەزاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویكردووەتەوە: "ئەنجومەنی وەزیران لەچوارچێوەی دانیشتنی خۆیدا کە بڕیارە سبەی سێشەممە بەڕێوەبچێت، بڕیار لەبارەی پرسی ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بدات".
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەكردووە: "ئەمڕۆ یان سبەی حکومەتی هەرێم داهاتە ناوخۆییەکانی ڕادەستی حکومەتی فیدراڵی دەکات".
ڕوونیشكردەوە: "حكومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی گەیشتوونەتە رێککەوتن لەسەر داهاتە نانەوتییەکانی مانگی ئەیلولی داهاتوو".
ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی زنجیرەیەک دانوستانی دارایی نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێمدایە، بۆ گرێدانی خەرجکردنی مووچە بە ناردنى داهاتەکان بۆ خەزێنەی فیدراڵی، بەپێی بڕگەکانی یاسای بودجەی عێراق.