ئەمڕۆ ترەمپ و زیلینسکی کۆدەبنەوە

١٨ ئابی ٢٠٢٥

بڵاویبکەرەوە لە

سەرۆکی ئۆکرانیا، رایگەیاند: "ئارەزوویەکی بەهێزمان هەیە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ بە شێوەیەکی خێرا"؛ سەرۆکی ئەمریکاش دەڵێت: "سەرۆکی ئۆکرانیا دەتوانێت دەستبەجێ کۆتایی بە جەنگ لەگەڵ رووسیا بهێنێت".

ڤلادیمێر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، ئێوارەی یەکشەممە گەیشتە واشنتن و بە میدیاکانی رایگەیاند، هەموو لایەنەکان خوازیاری کۆتاییهێنانێکی خێران بە جەنگ و ئامانجیان گەیشتنە بە ئاشتییەکی بەردەوام.

هاوکات، زیلینسکی لە هەژمارەی فەرمی خۆی نووسیویەتی: "هەموومان ئارەزوویەکی بەهێزمان هەیە بۆ کۆتاییهێنان بەم جەنگە بە شێوەیەکی خێرا و متمانەپێکراو".

وتیشی: "هیوادارم هێزی هاوبەشمان لەگەڵ ئەمریکا و دۆستە ئەوروپییەکانمان، رووسیا ناچار بە ئاشتییەکی راستەقینە بکات".

هەر لەو بارەیەوە، دۆاڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "تروس سۆشیاڵ" لە پێش کۆبوونەوەکەی لەگەڵ زیلینسکی و سەرکردە ئەوروپییەکان لە کۆشکی سپی نووسیویەتی: "سەرۆکی ئۆکرانیا دەتوانێت بەنزیکەیی دەستبەجێ کۆتایی بە جەنگ لەگەڵ رووسیا بهێنێت، ئەگەر بیەوێت، دەتوانێت بەردەوام بێت لە شەڕکردن".

بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە، زیلینسکی لە کۆشکی سپی لەگەڵ ترەمپ و ژمارەیەک لە سەرکردەکانی ئەوروپا کۆببێتەوە بۆ تاوتوێکردنی رێگاکانی کۆتاییهێنان بەو جەنگەی کە لە شوباتی 2022ــەوە دەستیپێکردووە.