چەکدارێک دەستڕێژی گوللـەی لە نوێژخوێنانی مزگەوتێکی سوید کرد

١٥ ئابی ٢٠٢٥

بڵاویبکەرەوە لە

پۆلیسی سوید رایگەیاند، چەکدارێک دەستڕێژی گوللـەی لە نوێژخوێنانی مزگەوتێکی شارۆچکەی ئۆریبرۆی سوید کرد و قوربانی لێکەوتەوە.

ئەمڕۆ هەینی، پۆلیسی سوید لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، چەکدارێک دەستڕێژی گوللـەی لە نوێژخوێنانی مزگەوتێکی شارۆچکەی ئۆریبرۆی سوید کردووە و چەند کەسێکی بریندارکردووە.

راشیگەیاند، تیمەکانیان لە شوێنی رووداوەکە بڵاوەیان پێکراوە و ئۆتۆمبێلەکانی فریاکەوتنیش گەیشتوونەتە نزیک مزگەوتەکە بۆ ئەوەی بریندارەکان بگوازنەوە بۆ نەخۆشخانە.

هاوکات، میدیاکانی سویدیش رایانگەیاند، دوو کەس لەکاتی نوێژی هەینیدا لە مزگەوتێکی شارۆچکەی ئۆریبرۆ، لە هێرشێکی چەکداریدا برینداربوون.

پۆلیسی سوید داواش لە هاوڵاتییان دەکات، لە ناوچەکانی نزیک لە مزگەوتەکە دوور بکەنەوە، چونکە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکەن.