١٤ ئابی ٢٠٢٥
ئەوە زیاتر لە شەش ساڵە وای لێهاتووە كە هەواڵی دەستگیركردنی سەرۆكی حزبێك بڵاودەكرێتەوە، ناوەكەشی لە هەواڵەكەدا نەنووسرێت دەزانن سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێیە، نەك سەرۆكی قەوارەیەكی سیاسی تر.
حوكمدان بەسەر سەرۆكی حزبێكی سیاسی بەبێ ئامادەبوونی خۆی، چوونە سەر ماڵی، دەستگیركردنی، ڕەوانەكردنی بۆ بەندینخانە، بۆ ئێمە كە ساڵانێكە چاودێری ئەم دۆسیەیەی دەكەین، رەنگە تەفسیری جیاواز هەڵبگرێت، بەڵام بۆ خەڵكی عەوام شۆكە، دەپرسن چۆن سەرۆكی گەورەترین حزبی ئۆپۆزسیۆن دەستگیردەكرێت، ئەوە ئێمە لە كوێ دەژین؟ چی قەوماوە؟.
ئاخر یادەوەریمان پڕە لە نمونەی خاوەنی دەسەڵات و چەك، نەك سەرۆكی حزبەكانیان، بەڵكو سەركردایەتی و ئەو دوای خاوەن پۆستە حزبییەكانیشیان بە دەگمەن نەبێت نەچوونەتە بەردەم دادگا، دەستی یاسا بۆ ئەوان كورتە، بەڵام بۆ ئەوانەی دەرەوەی دەسەڵات، درێژ و دڵڕەقانە بووە.
پرۆسەی دادگاییكردنی كاك شاسوار، ئەگەر بە هەموو میكانیزمەكانی سكاڵا و ئاگاداركردنەوە و رێوشوێنە یاساییەكانیشدا تێپەڕبووبێت، جارێ ناتوانێ گومانی ئەو خانەنشینە بڕەوێنێتەوە كە بە دەنگی بەرز پرسیاری لێ كردم، "ئەرێ بكوژی ژن و ڕۆژنامەنووس و مەلا و چالاكوانەكان و هاوڵاتی بێ پشتوپەنا و خۆپیشاندەرە بەدبەختەكان دەربازیان بوو؟ یان، دەرباز كران؟" هەقە میدیای دەسەڵاتی سیاسیش ئەم پرسیارە بە هەند وەربگرێت، پێش ئەوەی بە ئاهەنگی خاوەن پشكەكان دڵخۆش بێت، مەبەستم ئەوە نییە كە ئەوان خاوەن ماف نەبن.
هەموو ئەوانەی تەماشای ئەم كەیسە دەكەن، لە ناخیاندا پرسیارێك هەیە، ئایا هەمووان لەبەردەم یاسادا یەكسانین؟ بۆ تەنها شاسوار عەبدولواحید؟ بۆ تەنها جوڵانەوەی نەوەی نوێ؟ پرسیارەكە رەوایە، هەمووان یەكسان نین لەبەردەم یاسا، توێژێكی گەورەی ریزی یەكەم و دوهەم و سێهەم ....هتد لەسەرو یاساوەن. نەك هەر ئەمەش، بەڵكو یاساش دەكەنە شەڕی سیاسی و هەڵبژاردن و شكاندنی نەیار.
هاوڵاتیان و دەنگدەرانی نەوەی نوێ بەهەزاران تاوانیان بینی، بەڵام سزایان نەبینی، ئێستا مافی خۆیانە وا لە كەیسی دادگایی سەرۆكی جوڵانەوەكەیان بڕوانن كە سزایەكە بەبێ ئەوەی تاوانێك لە ئارادابووبێت، سەرۆكەكەیان بەبێ تاوان دەزانن.
بڕیاری دادگا بەبێ ئامادەبوونی شاسوار عەبدولواحید، بڕیاری كۆتایی نییە، دەتوانرێت لە ماوەی دیاریكراودا، بەپێی ڕێكارە یاساییەكان، لەلایەن كەسی سزادراوەوە تانەیان لێ بدرێت.
لە كاتی تانەدان، دۆسیەكە سەیر دەكرێتەوە یان هەڵدەوەشێتەوە، تۆمەتبار بانگهێشت دەكرێت بۆ گوێگرتن لە ئیفادەكەی و بەرگریكردن، پارێزەری نەوەی نوێش وای كردووە.
بەم شێوەیە دەكرێت بە كەفالەت ئازاد بكرێت، ئەمەش رێگە راستەكەیە بۆ مەرجەكانی دادگایی كردنی دادپەروەرانە، واتە بەو یاسایەی حوكمتان دا، دەكرێت هەر بەو یاسایە لەناو ماڵ و مناڵی خۆی بێت.