ڕاوێژکارێتی ئاسایشی نیشتمانی عێراق: هیچ رێككەوتنێكی ئەمنیی لەنێوان عێراق و ئێران بوونی نییە

١٤ ئابی ٢٠٢٥

بڵاویبکەرەوە لە

دوای واژۆکردنی یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لەنێوان و تاران و بەغدا سەبارەت بە ئەمنیی سنوورەکانیان، ڕاوێژکارێتی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەڵێت: "لێکتێگەیشتنە تایبەت بە نەهێتشنی ئۆپۆزسیۆنی كوردی ئێران لە هەرێمی کوردستان نەوەک ڕێککەوتنی ئەمنی".

ئەمڕۆ پێنجشەممە، ڕاوێژکارێتی ئاسایشی نیشتمانیى عێراق ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی ڕێککەوتنی ئەمنی عێراق و ئێران بڵاوکردەوە و باس لەوە دەکات: "ئەوەی ئەم دواییە لەگەڵ ئێران واژۆ کراوە، یاداشتێکی لێکتێگەیشتنە نەک ڕێککەوتن، پێش شەڕی ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامی ئامادەکراوە".

ڕاشیدەگەیەنێت: "هەندێك لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن باسیان لەوە كردووە گوایە لە سەردانەکەی عەلی لاریجانی ئەمینداری گشتیى ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران بۆ بەغدا، رێککەوتنێکی ئەمنی لە نێوان عێراق و کۆماری ئیسلامی ئێران واژۆ کراوە".

ڕاوێژکارێتی ئاسایشی نیشتمانیى لە بەیاننامیەكدا، ئاماژەی بەوەشداوە: "دەیەوێت ڕاستییەکان روونبکاتەوە بەوەی عێراق كۆنووسێكی ئەمنیی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران هەیە، لە 19ی ئازاری 2023 واژۆکراوە کە ناسراوە بە رێککەوتنی هاوبەشی تایبەت بە ئاسایشی سنوورەکان و رێوشوێنەکانی تایبەت بە نەهێشتنی ئۆپۆزسیۆنی کوردی ئێران لە هەرێم".

ئاماژە بەوەشدەكات: "هەماهەنگی کراوە بۆ گۆڕینی ئەو كۆنوسە یان یاداشتی لێكگەیشتنە ئەمنییە، بۆ هەمان ناوەرۆك بە ئاسایشی سنوورەكان و هاوكاری ئەمنیی و ئەوەی پەیوەستە بە ئۆپۆزسیۆنی کوردی ئێران بە هەر پێنج حزبەكەیەوە".

جەختیشدەكاتەوە: "یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ئەمنی کە واژۆ کرابوو، پێش دەستدرێژیی زایۆنیەکان بۆ سەر ئێران ئامادەکرابوو، کاتێکی پێویستی پێدراوە و لەکاتی سەردانەکەدا واژۆ کرا".

ڕاوێژکارێتییەکە پێداگریشدەكات لەوەی "هیچ ڕێککەوتنێکی ئەمنی لە نێوان عێراق و کۆماری ئیسلامی ئێران بوونی نییە، بەڵکو یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی ئەمنییە".