١٤ ئابی ٢٠٢٥
ڕێکخراوی منداڵانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (یونسێف) ڕایگەیاند، پێکدادانەکانی مانگی حەوت و هەشتی ئەم ساڵ لە سوەیدا زیانی زۆریان بە خێزانەکان و منداڵان گەیاندووە. دەشڵێت: "لەو ماوەیەدا 22 منداڵ کوژراون".
ئاژانسی یونسێف لە بڵاوکراوەیەکدا ئاماژە بەوە دەکات: "لە تووندوتیژییەکانی مانگی تەممووز و ئابی ئەمساڵدا لە پارێزگای سوەیدا 22 منداڵ کوژران و 21ـی دیکەش بریندار بوون. شەڕەکانی ئەو ناوچەیە زیانێکی زۆریان بە ژێرخانی مرۆیی ئەو ناوچانە گەیاند".
ڕۆژی 13ـی تەممووزی ئەم ساڵ، چەکدارە دەشتەکییەکان کە بە نزیک لە حکومەتی سووریا دادەنرێن دەستیان بە شەڕکردن لەگەڵ چەکدارە درووزەکان کرد. بەپێی ئاماری یونسێف، شەڕەکە بووەهۆی ئاوارەبوونی 190 هەزار کەس کە زۆرینەیان ژن و منداڵ بوون.
بەگوێرەی ئاژانسەکەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، لەو شەڕانەدا هێرشکرایەسەر لانیکەم پێنج سەنتەری تەندروستی و ژمارەیەک ئەمبوڵانس. هەروەها، دوو پزیشکیش کوژران.
لە کۆتایی مانگی ڕابردوودا، حکومەتی سوریا بە هاوکاریى یونسێف یەکەم کاروانی هاوکارییە مرۆییەکانی گەیاندە سوەیدا.
زەینەب ئادەم، جێگری نوێنەری یونسێف لە سوریا ڕایگەیاند: "بەهۆی پێویستییەکانی منداڵان و خێزانەکان، هەوڵەکانی دەسەڵاتی کاتی سووریا بۆ گەیاندنی هاوکاری بەو ناوچانە هەنگاوێکی پێشوازیلێکراوە."
بە گوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، 14 تیمی فریاکەوتنی تەندروستی گەڕۆکیان لەو ناوچانە هەبوو، خزمەتگوزارییان پێشکێشی چوار هەزار منداڵ و ژن کرد و ئاوی خواردنەوە و سووتەمەنییان بۆ نزیکەی 30 هەزار کەس دابینکرد.