١٣ ئابی ٢٠٢٥
سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، ڕۆژی یەکشەممە بڕیار لەسەر ناردنی مووچەی مانگی شەشی مووچەخۆرانی هەرێم دەدرێت دوای ئەوەی حکومەتی کاربەڕێکەر بڕی 120 ملیار دینار ڕەوانەی بەغدا دەكات.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ماڵپەڕی (بەغداد ئەلیەوم) لە زاری سەرچاوەیەکی حکومەتی عێراقەوە بڵاویكردووەتەوە: "ئەنجومەنی وەزیران لە دانیشتنی یەکشەممەی داهاتوو، بڕیاری خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران بۆ مانگی حوزەیران دەدات، دوای ئەوەی هەرێم بڕی 120 ملیار دینار لە داهاتە ناوخۆییەکانی ڕەوانەی بەغدا دەكات".
ئەو سەرچاوەیەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، ئاماژەی بەوەشكردووە: "دوای رێککەوتنی تەواوەتی لە نێوان وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی نەوتی عێراق و واژۆکردنی رێککەوتنەکە، نەوتەكە بووەتە پشکی کۆمپانیای سۆمۆ، وادەی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن دەمێنێتەوە كە لە ئەستۆی بەغدا و ئاستی خێرایی گەیشتنێتی بە رێککەوتن لەگەڵ لایەنی تورکی".
باسی لەوەش کردووە: "وەزارەتی دارایی هەرێم بڕی (120)ملیار دینار لە داهاتە ناوخۆییەکان دەگوازێتەوە بۆ بەغدا، دوای ئەوە ئەنجومەنی وەزیران لە دانیشتنی ڕۆژی یەکشەممەدا بڕیار دەدات ڕاستەوخۆ موچەی فەرمانبەران بۆ مانگی حوزەیران خەرج بکات."