١٣ ئابی ٢٠٢٥
فراکسیۆنەکانی نەوەی نوێ، رایانگەیاند: "کەیسەکەی سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ کەیسێکی سیاسییە و پاراستنی گیانی سەرۆکی جوڵانەوەکەمان لە ئەستۆی یەکێتییە و بە تایبەت بافڵ تاڵەبانی".
فراکسیۆنەکانی نەوەی نوێ، لە پەرلەمانی کوردستان و عێراق، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایانگەیاند: "کەیسەکەی شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، کەیسێکی سیاسییە نەک یاسایی، پاراستنی گیانی سەرۆکی جوڵانەوەکەمان لە ئەستۆی پارتی و یەکێتییە، بە تایبەت لە ئەستۆی بافڵ تاڵەبانییە".
ئاماژەیان بەوەشکرد: "تاکو ئێستا شوێنی شاسوار عەبدولواحید نادیارە و پێمان ناڵێن لە کوێ دەستگیرکراوە و نەشیانهێنا بۆ دادگا".
باسیان لەوەشکرد: "بەبێ بینینی دادگا و دادگاییکردن دەستگیرکردنی سەرۆکی جوڵانەوەکەمان تاکو 21ـی ئاب درێژکرایەوە".
جەختیشیان کردەوە: "بە هەبوون یان نەبوونی شاسوار عەبدولواحید، نەوەی نوێ لە رێبازەکەی لانادات و هیچ شتێک پشتی ئێمە سارد ناکاتەوە و لە هیچ ناترسین، بەڵکو بە هەوڵی زیاترەوە بەردەوام دەبین".
ئەمەش لە کاتێکدایە، درەنگانی شەوی رابردوو، هێزێکی دەمامکدار هەڵیانکوتایە سەر ماڵی شاسوار عەبدولواحید و دەستگیریانکرد.
