سۆمۆ: تاکو ئێستا هیچ بڕە نەوتێکمان رادەستنەکراوە

١٣ ئابی ٢٠٢٥

بڵاویبکەرەوە لە

بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی (سۆمۆ) رايگەیاند: “سەرجەم ئەو رێکار و ئامادەکارییانەی پێویستن بۆ وەرگرتن و فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان تەواوکراون، بەڵام تاکو ئێستا هیچ بڕە نەوتێکمان رادەستنەکراوە بۆ فرۆشتن”.

عەلی نزار فایەق، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) لە لێدوانێکدا رایگەیاند: "سەرجەم ئەو رێکار و ئامادەکارییانەی پێویستن بۆ وەرگرتن و فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان تەواوکراون، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ بڕە نەوتێکمان رادەستنەکراوە بۆ فرۆشتن”.

لەبارەی هەناردەی نەوت لە رێگەی بۆری تورکیاوە وتیشی: "خەریکی چاوخشاندنەوەین بەو پێشنیازانەی حکومەتی تورکیا بۆ رێککەوتنی نوێ ناردوونی و بابەتەکە تەنیا پەیوەندی بە نەوتەوە نییە و چەندین وەزارەتی دیکەش پەیوەستن بەو رێککەوتنەوە کە پێویستە ئەوانیش سەرنجی خۆیانی لەسەر بڵێن، بەڵام بەدڵنیاییەوە پێش تەواوبوونی وادەکەی دەگەینە رێککەوتن”.

سەبارەت بە فرۆشتنی نەوتی کەرکوکیش رایگەیاند: "مانگانە بەشێکی نەوتی کەرکوک هەناردەی ئوردن دەکرێت و نەوتی کێڵگەی گەیارەش لە نەینەوا لە رێگەی بەندەرەکانی باشوورەوە هاوشێوەی نەوتی بەسرە هەناردە دەکرێت”.

هاوکات لەسەر داهاتی نەوتیش بەڕێوەبەرەکە باسی لەوەکرد: "داهاتی نەوت راستەوخۆ لەو کۆمپانیا و لایەنانە وەردەگرین کە لێمان دەکڕن و هیچ دواکەوتنێک لە وەرگرتنی داهاتەکەدا نییە”.