١٢ ئابی ٢٠٢٥
وەزارەتی بەرگری عێراق رایگەیاند، هێلیکۆپتەرێک کە ئەرکی چاودێریکردنی جووڵەی زیارەتکارانی چلەی ئیمام حسێن بووە، بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکییەوە، لە گەراجێکی ئۆتۆمبێل نیشتەوە.
وەزارەتی بەرگری عێراق، لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، یەکێک لە هێلیکۆپتەرەکانی سەر بە دەسەڵاتی فڕۆکەوانی سوپا لە جۆری (یۆرۆکۆپتەر)، کە ئەرکی چاودێریکردنی جووڵەی زیارەتکارانی چلەی ئیمام حسێن بووە، بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکییەوە، بەناچاری لە گەراجێکی ئۆتۆمبێل لە کەربەلا نیشتووەتەوە.
هەر بەپێی راگەیەندراوەکە، ئەو رووداوە هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە و سەرجەم سەرنشینانی هێلیکۆپتەرەکە سەلامەتن، جگە لە زیانێکی کەم کە بەر فڕۆکەکە و ئۆتۆمبێلی هاوڵاتییەک کەوتووە، کە لە نزیک شوێنی نیشتنەوەی فڕۆکەکە بووە.
وەزارەتەکە جەختیشیکردەوە، دەستبەجێ تیمەکانی بەرگری شارستانی و هێزەئەمنییەکان گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و هەوڵی گواستنەوەی هێلیکۆپتەرەکەیان داوە.