ناتانیاهو: لەمەودوا رێککەوتن لەگەڵ حەماس بووە بە شتێکی رابردوو

١٢ ئابی ٢٠٢٥

بڵاویبکەرەوە لە

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، رایدەگەیەنێت: "ماوەی ئۆپراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنی کەرتی غەززە کورت دەکەینەوە"؛ وتیشی: "لەمەودوا رێککەوتن لەگەڵ حەماس بۆ ئازادکردنی بارمتەکان بووە بە شتێکی رابردوو".

ئەمڕۆ سێشەممە، 12-8-2025، بنیامین ناتانیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە چاوپێکەوتنێکدا وتی: "ماوەی ئۆپراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنی کەرتی غەززە کورت دەکەینەوە، هەروەها رێگە بە دانیشتووانەکەی دەدەین کەرتەکە جێبهێڵن".

ئاماژەی بەوەشکرد: "ئیسرائیل لەگەڵ چەند وڵاتێک لە گفتوگۆدایە، بە مەبەستی ئەوەی ئەو وڵاتەنە بتوانن غەززەییەکان لەخۆبگرن".

باسی لەوەشکرد: "لەمەودوا قسەکردن لەسەر رێککەوتن لەگەڵ حەماس بۆ ئازادکردنی بارمتەکان بووە بە شتێکی رابردوو، ئێمە بەبێ رێککەوتن لەگەڵ حەماس هەوڵی ئازادکردنی بارمتەکان دەدەین".

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل وتیشی: "لە جەنگی 12 رۆژەی نێوان ئیسرائیل و ئێران، ئێمە براوەبووین، هەروەها ئامادەین بۆ وەڵامدانەوەی هەر هێرشێکی لەناکاوی ئێران".