١٢ ئابی ٢٠٢٥
شارەزایەکی نەوت و وزە باس لەوە دەکات، کێشەی مووچە لە داهاتوودا نێوان هەردوو حکومەتی کاربەڕێکەر و فیدڕاڵیدا چارەسەر دەبێت و سوودانی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم ڕەوانەدەکات، هۆکاری دواکەوتنی ناردنی مووچەش بۆ بوونی کێشەی دارایی و تەکنیکی لە بەغدا دەگەڕێنێتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، عەباس شەتری شارەزای نەوت و وزە، لە چاوپێکەوتنێکیدا ڕایگەیاند: "لەداهاتوودا کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم چارەسەر دەبێت و سوودانی پابەند دەبێت بە بەڵێنەکانی و مووچە دەنێرێت، چونکە ئەگەر نەینێرێت کێشەیەکی نوێ لەنێوان هەردوو حکومەت سەرهەڵدەدات کە وا دەکات متمانە لەنێوان حکومەتی هەرێم و ناوەند نەمێنێت، چونکە دواجار هەرێمی کوردستان دەڵێت، پابەند بووین بەڕێککەوتنەکە و ئامادەی هەناردەکردنەوەی نەوتین بەڵام ئەوە عێراقە مووچەی نەناردووە و پابەندی بەڵێنەکانی نییە بۆ ناردنی مووچە".
ئاماژەی بەوەشکرد: "هەروەها حکومەتی هەرێم هەندێ بابەتیش باس دەکات سەبارەت بە دواکەوتنی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت وەک هێرشە درۆنییەکان، هەر بۆیە ئێستا فشار لەسەر حکومەتی ناوەند دروست بووە بۆ ناردنی مووچە و پێویستە هەردوولا پابەندی ڕێککەوتنی نێوانیان بن تاوەکو مووچە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرج بکرێت".
ئەو شارەزایەی نەوت و وزە، سەبارەت بە هۆکاری دواکەوتنی بڕیاری خەرجکردنی مووچە لەبەغدا پێی وایە، هەندێ کێشەی دارایی و تەکنیکی لە عێراق هەیە وایکردووە ناردنی مووچە لەبەغداوە بۆ هەرێم دوابکەوێت.
ئەوەشی خستەڕوو: "لە عێراق هەندێک کێشەی مووچەی وەک کەمی سیولە، کەمی پارە و کورتهێنانی بودجە هەیە کە هۆکار بوون بۆ دواکەوتنی ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، بەڵام من گەشبینم ئەم کێشانەش چارەسەر دەبن و مووچەش خەرجدەکرێت".