میدیا فەڵەستینی و ئیسرائیلییەکان: ئاگربەست لە غەززە نزیکە و بە هاتنە ناوەوەی سوپای میسر سوپای ئیسرائیل دەکشێتەوە

١٢ ئابی ٢٠٢٥

بڵاویبکەرەوە لە

میدیا فەڵەستینی و ئیسرائیلییەکان ڕایانگەیاند، ترەمپ کۆتاییهاتنی جەنگ لە غەززە ڕادەگەیەنێت، سوپای ئیسرائیل دەکشێتەوە و میسر دێتە ناوەوە، بازرگانێکی فەڵەستینیش دەبێت بە حاکمی غەززە.

ئەمڕۆ سێشەممە، میدیا فەڵەستینییەکان بڵاویانکردەوە: "ڕێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە نزیکە كە ڕاگرتنی لەشکرکێشی بۆ سەر غەززە و هاتنە ناوەوەی سوپای میسر لەگەڵ کشانەوەی سوپای ئیسرائیل لەخۆدەگرێت".

ئاژانسی هەواڵی (مەعەن)ی فەلەستینی، لەزاری سەرچاوەیەکی تایبەتەوە ڕایگەیاندووە: "دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ڕێککەوتنێکی هەمەلایەنە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە ڕادەگەیەنێت كە کشانەوەی سوپای ئیسرائیل و هاتنە ناوەوەی سوپای عەرەبی بۆ غەززە لە خۆدەگرێت".

ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ ئەو زانیارییانەی ئەمڕۆ رۆژنامەی (یەدیعۆت ئەحرانۆت)ی ئیسرائیلی ئاشكرایكردووە، سەبارەت بە جموجۆڵی چەند مانگەی پشت پەردە، بۆ دەستنیشانکردنی خاوەنكاری فەلەستینی (سەمیر حەلیلە) وەک حاكمی کەرتی غەززە.

ڕۆژنامەکە، لە زاری بەشداربووانی ئەم هەوڵانە و ئەو بەڵگەنامانەی پێشکەش بە وەزارەتی دادی ئەمریکاوە لە چوارچێوەی هەوڵەكان بووە بۆ هێنانی كەسێك بۆ ناو کەرتی غەززە کە لە ژێر چاودێری کۆمکاری عەرەبیدا کاردەکات، لەلایەن ئیسرائیل و ئەمریکا قبوڵکراو دەبێت و ڕێگای گەیشتن بە "ڕۆژی دواتر" لە کەرتی غەززە دەڕەخسێنێت.

هەر بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنامەکە، لۆبیستێکی ئیسرائیلی کە لە کەنەدا نیشتەجێیە، بە ناوی (ئاری بن مۆناشێ) کاردەکات بۆ هێنانە پێشەوەی حەلیلە.

ڕۆژنامەکە، لە زاری (بن مۆناشێ)وە بڵاویکردەوە، دۆسیەكە لە چەند هەفتەی ڕابردوودا خێراتر بووە، بەهۆی ئەو کۆبوونەوانەی ئیدارەی ئەمریکا ئەنجامیداوە و ئەو دیدارانەی حەلیلە لە قاهیرە کردوویەتى.

حەلیلە، بازرگانێکی فەلەستینییە و ئەمینداری گشتی حکومەتی سێیەمی ئەحمەد قورەیع بووە و سەرۆکی ئەنجومەنی كارگێڕیى بازاڕی كاغەزە داراییەكانيش بووە تا مانگی ئازاری ڕابردوو.