کوژانەوەی سەرانسەریی کارەبا لە عێراق ڕوویدا

١١ ئابی ٢٠٢٥

بڵاویبکەرەوە لە

ئەمڕۆ کارەبای نیشتمانی لە عێراق کوژایەوە و سەرۆکی لیژنەی کارەبا و وزەش لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، کوژانەوەی کارەبا بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکی بووە لە گواستنەوەی وزەدا.

کاتژمێر 03:00ـی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، 11ی ئابی 2025، کارەبای نیشتمانی لە سەرانسەری عێراق کوژایەوە.

دانیال عەبدوڵڵا عەزیز، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای کەرکووک، لەلێدوانێکدا ڕاگەیاند: "لە کەرکووک و تەواوی عێراق کارەبای نیشتمانی کوژاوەتەوە، تاوەکو ئێستا هۆکاری کوژانەوەکە نازانن و تیمەکانیان سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن".

لەدوای ڕووداوەکە، عادل کەریم بریکاری وەزارەتی کارەبای عێراق، لەلێدوانێکدا رایگەیاند: "کێشەی تەکنیکی لە هێڵێکی گواستنەوەی نێوان بابل و موسەیەب هەبووە، کاریگەریی لەسەر پارێزگاکانی دیکەش هەبووە".

لەبارەی چارەسەری کێشەکە، ئەو بریکارەی کارەبای عێراق وتی: "ئێستا تیمە تەکنیکییەکان خەریکی چاککردنەوەن، لە چەند کاتژمێری داهاتوو سیستمەکە ئاسایی دەبێتەوە".

هاوکات، محەممەد نووری عەبد رەبە سەرۆکی لیژنەی کارەبا و وزە لە پەرلەمانی عێراق، لە بڵاوکراوەیەکی فەیسبووکدا ڕایگەیاند: "کوژانەوەی تەواوەتیی سیستمی کارەبا بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکییەوە بووە لە هێڵەکانی گواستنەوەی وزەدا".