١٠ ئابی ٢٠٢٥
نووسینگەی تایبەتی ئەدهەم بارزانی، لە راگەیەندراوێکدا دەستگیرکردنی چوار پاسەوانی لە بازگەی هیران و نازەنین راگەیاند.
دەقی راگەیەندراوەکە:
بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
- جەماوەری سەربەرزی کوردستان
- بەڕێز لایەنە سیاسیەکانی عێراق و کوردستان
- ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و مافی مرۆڤ لە ناوخۆ و دەرەوە
- باڵیۆز و کونسوڵخانە و نوێنەری وڵاتان.
- ئازادی خوازان و تێکۆشەران لە پێناو ئازادی.
دوێنێ شەممە، 9-8-2025، ژمارەیەک لەو کەسانەی کە لەگەڵ بەڕێز ئەدهەم بارزانی وەک پاسەوان دەوام دەکەن کە سەرجەمیان چوار کەس بوون لە پارێزگای سلێمانییەوە گەڕاونەتەوە بۆ قەزای سۆران و دەڤەری هەریر، لە کاتژمێر 1:30 خولەکی پاشنیوەڕۆی دوێنێوە تا درەنگی شەوی ڕابردوو بێسەر و شوێن بوون و پاشان بەپێی هەندێ سەرەداو کە بۆمان دەرکەوت لە بازگەی هیران و نازەنینی ئەو بازگەیەی کە باشوری کوردستانی کردووە دوو پارچە لە نزیک شەقڵاوە دەستگیرکراون و مۆبایلەکانیشیان داخراوە. پاشان بۆ ئاسایشی گشتی لە هەولێر گواسترانەوە و دەستبەسەرکراون بەو بەهانەیەی کە پێشتر لیژنە ناوچەکانی حیزبی دەسەڵات بە ئەوانی وتووە کە سەردانی سلێمانی و شێخ ئەدهەم بارزانی نەکەن بەم تاوانە گەورەیە گیراون.
بەداخەوە ماڵ و مناڵیان لە دوێنێ ئێوارە و تاکو ئەمڕۆ لە دڵەراوکێیەکی گەورەدا و لە شین و گریاندا دەژین.
بۆیە لێرەوە بە ڕای گشتی ڕادەگەیەنین ئەم کارانە دوورە لە هەموو بەهایەکی مرۆڤایەتی، ئەو کەسانەی کە دەستگیرکراون هیچ تاوانێکیان ئەنجام نەداوە و تەنها تاوانی ئەوان ئەوەیە کە دۆست و کەسانی نزیکی بەڕێز ئەدهەم بارزانین.
هاوکات، دەستگیرکردنی ئەم بەڕێزانە لە کاتێکدایە، دۆخی هەرێمی کوردستان بە قۆناغێکی سەختی بێ متمانەیی جەماوەری و هەستیار و مەترسیداردا تێدەپەڕێت و نەبوونی مووچە و ئاو و کارەبا و سەرجەم خزمەتگوزارییەکانی دیکە وای کردووە هاوڵاتییان بێ ژیان ببن و هیچ متمانەیەکیان بەم دەسەڵاتەی نەمابێت، هەر بۆیە هانا دەبەنە بەر زەبر و زەنگ و سەرکوتکردنی دەنگە ئازادەکان و دەستگیریان دەکەن.
لە شوێنی ئەم دڵڕقیە و کەرب و کینە و زیادکردنی برینە سارێژنەکراوەکانی میللەت، باشتر و ئاقلمەندانەتر دەبوو لەم سەردەمەدا کە کورد و هەموو لایەنەکان پێویستیان بە یەکدەنگی و یەگرتن هەیە خۆیان لەم جۆرە کردارانە دوور بخەنەوە و لە خەمی ئێش و ئازاری جەماوەردابن.
ئێمە داوا لە هەموو ئێوەی بەڕێز دەکەین کە لە بەرامبەر ئەم تاوانە کە دەستگیرکردنی بێتاوانەکانە بەبڕیاری لیژنەکانی حیزب کە هەڵوێست بنوێنن و بێ دەنگ نەبن.
ئەمەش ناوی ئەو کەسانەیە کە دەستگیرکراون:
1- فايەق سۆفی خدر
2- مەروان ئەسكەندەر ئەحمەد
3- نیهاد ئەحمەد محەممەد
4- شوان نیعمەت حسێن
نوسینگەی تایبەتی ئەدهەم بارزانی