١٠ ئابی ٢٠٢٥
وەزارەتی پلاندانانی عێراق باس لەوە دەکات، کۆی ئەو داهاتانەی کە پێشبینیی دەکەن لە ماوەی پلانی گەشەپێدانی پێنج ساڵە (2024-2028) بەدەست بهێنرێت، دەگاتە نزیکەی 710 ترلیۆن دینار كە دەكاتە نزیكەی (543) ملیار دۆلار.
لەم بارەیەوە، عەبدولزەهرە هنداوی وتەبێژی فەرمی وەزارەتەکە، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقیی ڕاگەیاندووە: "زۆرترین ڕێژەی ئەو داهاتانە لە کەرتی نەوتەوە دێت، بەو پێیەی پێشبینی دەکرێت داهاتی نەوت بگاتە نزیکەی 631 ترلیۆن دینار 482 ملیار دۆلار، لەکاتێکدا داهاتی نانەوتى بەنزیکەی 79 ترلیۆن دینار مەزەندە دەکرێت".
هنداوی ئاماژەی بەوەشکردووە: "پلانی پێنج ساڵەی وەبەرهێنانی پێویست بۆ بەدیهێنانی تێكڕای گەشەی ئابوری کە 4.24% لە ماوەی جێبەجێکردنیدا، بە زیاتر لە 241 تریلیۆن دینار خەمڵێنراوە".
ڕاشیگەیاندووە: "لە پلانەکەدا کەرتەکانی حکومەت بە نزیکەیی 157 تریلیۆن دینار لەو وەبەرهێنانانە بەشداری دەکەن، بەرامبەر بە 84 تریلیۆن دینار بەشداری کەرتی تایبەت."
ڕوونیشیکردەوە، زۆرترین ڕێژەی پێکهێنانی داهات لە کەرتی نەوت دەبێت بە ڕێژەی 27.4%، دواتر کەرتی خانووبەرە بە ڕێژەی 22.5%، پاشان خزمەتگوزارییەکانی گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی بە ڕێژەی 20.8%، لەبەرامبەردا کەرتی ئاو و کارەبا 8.6% پێکدەهێنێت، هاوکات پشکی کەرتی بەرهەمهێنان دەگاتە نزیکەی 7.8% لە کۆی گشتیى پێکهێنانی سەرمایەی پلان بۆداڕێژراو.